ئێران و سعودیە، ئاشتەواییەک مەترسی دروستکردوە

17/03/2023
فۆتۆ: 



ئێران و سعودیە پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە
بەڵام واشنتۆن نیگەرانە و ئیسرائیلیش دەترسێت
رۆژی هەینی بوو ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری چین ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان راگەیاند
ئەویش دوای چەند ساڵێک لە گرژی و پچڕانی هەموو جۆرە پەیوەندییەکان
ئاژانسی هەوڵی واسی سعودی رایگەیاندووە کە تاران و ریاز رێککەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانیان لە وڵاتەکانی یەکدی، ئەویش تەنها لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا

رێککەوتنەکە، دوای چەند دانوستانێک بووە لە چین کە شی چینپینگ سەرۆکی کۆماری گەلی چین نێوەندگیری کردووە.
لە یەکەم کاردانەوەدا، ئیسرائیل نیگەرانی پێوەدیار بوو و تا رادەیەکیش ترسی لێ نیشتووە
ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ریاز و تەل ئەبیب
نیگەرانییەکانی ئیسرائیل
یائیر لەبید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیەی بە شکستێکی گەورە و مەترسیداری سیاسەتی دەرەکی حکومەتی ئیسرائیل لەقەڵەمدا و بنیامین ناتانیاهۆی بە پێشڕەوی ئەو شکستە ناساند.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرۆکی حکومەتی پێشووی ئیسرائیل بە هەمان شێوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بە مەترسیدار ناساند و وتی سەرکەوتنێکی سیاسی ئێرانە.

نفتالی بێنێت وتیشی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئێران، گورزێکی کوشندەی لە پێکهێنانی هاوپەیمانێکی نێودەوڵەتی دژی ئێران وەشاند، ئەوەی روویداوە شکستێکی ئابڕوبەری حکومەتی ناتانیاهۆیە
ترسەکانی ئیسرائیل لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتەوە دەرکەوتن
هەتا لە  پەرلەمانیشەوە، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و کاروباری دەرەکی وتی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە شکستێکی سیاسی و ئابووری و ئەمنی دوورمەودایە بۆ ئیسرائیل.

ئیسرائیل هێندە بابەتەکەی جدی وەرگرتووە، کە داوا دەکرێت لەسەر ئاستی نیشتیمانی دانوستان بکرێت بۆ وەلاخستنی ناکۆکییەکان و یەکگرتن دژی پێشهاتە  نوێیەکان.

هەڵوێستی ئەمەریکا
لە یەکەم کاردانەوەدا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا وتی هەتا پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتەکانی دراوسێی باشتر بێت ئەوا لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا دەبێت
هەروەها، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند کە سعودییەکان واشنتۆنیان لەبارەی پەیوەندییە نوێیەکانیان لەگەل ئێران ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ رۆڵێکیان نەبووە لە رێکەوتنەکەدا.

جەنگی یەمەن گرنگترین خاڵی جێی سەرنجی ئەمەریکایە، لەو بارەیەوە کێربی وتی ئەوەی بەلای واشنتۆنەوە گرنگە کۆتایھێنانە بە جەنگی یەمەن
لەو سەروبەندەشدا، رێککەوتنەکانی ئیبراهیم بوونەتە جێی باس
رێککەوتنەکانی ئیبراهیم ئەوانەن کە دوو ساڵ لەمەوبەر ئیسرائیل لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی واژۆی کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
ئێستاش، بەو پێیەی سعودیە پەیوەدنییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی کردووەتەوە و پێشتر هەمان هەنگاوی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجامدا. 

وا دەبینرێت کە گرفت بکەوێتە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە
بەدەر لەمانەش، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆرینەی وڵاتان پشتگیری لە رێککەوتنە نوێیەکە دەکەن
مێژووی ناکۆکییەکان و قوڵبوونەوەیان
ململانێکانی نێوان ئێران و سعودیە رەهەندێکی دێرینی مێژوویان هەیە
هەر لە سەردەمی خەلافەتی ئەمەوی و عەباسی بۆ سەردەمی فیتنە گەورەکەی ئیسلام و سەرهەڵدانی مەزهەبی شیعە
هەموو ئەمانە مێژووی بوون، بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا
لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە ململانێکان بۆ ئاستێکی نوێ قوڵ بوونەوە
کە لەو ساڵەدا سیستەمی پاشایەتی لەسەر دەستی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران رووخا
لێرەوە ئەزمونە نویێەکەی ئێران بووە هەڕەشەیەک بۆسەر سیستەمی پاشایەتی سعودیە
هەتا لەو کاتەدا خومەینی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە توندی دژی سیستەمی پاشایەتی وەستایەوە و لە پەیامێکدا کە ئاڕاستەی شانشینی سعودیەی کرد، وتی "خودا رقی لە پاشاکان دەبێتەوە".

ئەمە ساڵ بە ساڵ زیادیکردوو و لە کۆتاییدا جەنگیشی بەدوای خۆیدا هێنا
و یەکێک لەو جەنگانە، جەنگی حوسیەکانی یەمەن بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە و پێشتر و پچڕ پچڕ لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا روبەروی یەکدی بوونەتەوە.

ئەمە بەدەر لە ململانێ ئابوورییەکان کە هەردوو وڵات خاوەنی نەوتی خاون و سیاستەکانیان لەم کەرەتەدا دژی یەک بووە.

هەموو ئەمانە تا رۆژی هەینی بەردەوام بوون
لێرەوە، هەمووان بەهیوای ئەوەن، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، ساتێک ئارامی بە وڵاتانی ناوچەکەش ببەخشێت
کە رۆژانێک بوونەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان.