بافڵ جەلال تاڵەبانی: شەهیدبوونی فەرماندە (شەڕڤان كۆبانێ) لە دڵەوە نیگەرانی كردین

17/03/2023
فۆتۆ: 

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێكی هاوخەمیی بۆ شەهیدبوونی فەرماندە (شەڕڤان كۆبانێ) فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا و هەشت هەڤاڵی تری بڵاوكردەوە

دەقی پەیامەکە:

شەهیدبوونی فەرماندە (شەڕڤان كۆبانێ) فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا و هەشت هەڤاڵی تری، لە دڵەوە نیگەرانی كردین.
‏‎شەهید شەڕڤان و یەكینەكانی دژەتیرۆر (YAT) رۆڵێكی كاریگەریان گێڕا لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش لە رۆژئاوا و خاكی پیرۆزی كوردستانیان لە دەستی رەشی تیرۆر پاراست و مێژوویەكی پڕ لە سەروەرییان تۆماركرد.
‏‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیەوە دەكات كە هێزەكانی دژەتیرۆر (CTG) هاوشانی یەكینەكانی دژەتیرۆری رۆژئاوا لەپێناو پاراستنی خاكی كوردستان و خەڵكە تێكۆشەرەكەیدا خەباتیان كردووە و داستانی قارەمانانەیان تۆماركردووە.
‏‎پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی هەڤاڵ مەزڵوم كۆبانێ، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، یەكینەكانی دژەتیرۆر و سەرجەم خەڵكی كوردستان بەتایبەت هاونیشتمانیانمان لە رۆژئاوای كوردستان دەكەم و هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەین.

‏‎رۆحی هەڤاڵان شادبێت و دروود بۆ گیانی شەهیدانی رێگای ئازادی

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی
‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان