محەمەد سودانی: دەبێت لە دوو هەفتەدا پارەی گەنم رادەستی جوتیاران بکرێت.

23/03/2023
فۆتۆ: 

حکومەتی عێراق نرخی کڕینەوەی گەنم لە جوتیاران دیاری دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، دەبێت لە دوو هەفتەدا پارەی گەنم رادەستی جوتیاران بکرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد لەسەر رێکارەکانی وەرگرتن و بەبازاڕکردنی گەنم بۆ وەرزی ئەمساڵ و رایگەیاند، دەبێت پارەی جوتیاران لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵیدا خەرجبکرێت و بەبێ دواکەوتن و هاوتەریب لەگەڵ وەرگرتنی بەرهەمەکان، لە ماوەی دوو هەفتەدا پارەکەی بگاتە دەستی جوتیاران.

سودانی جەختی لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان کردەوە، بەئامانجی دڵنیابوون لە دزەنەکردنی بەروبوومەکان لە دەرەوەی عێراقەوە، هەروەها بۆ رێگریکردن لە دروستکردنی کاریگەری و دەستکاریکردنی بەروبوومی ناوخۆیی.

هاوکات عەباس عەلیاوی وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بۆ وەرزی ئەمساڵ هەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠هەزار دینار لە جوتیاران دەکڕنەوە و لە ماوەی دوو هەفتەشدا شایستە داراییەکان رادەستی جوتیاران دەکرێت.