سەرێکی دیکە لە حکومەتە خۆماڵییەکەمان گیرا
عێراق بەسەر تورکیادا سەرکەوت و ئەویش کش مەلیک بە نەوتەکەی هەرێم دەکات
شەوی رابردوو، حکومەتی عێراق بە فەرمی لەلایەن تورکیاوە ئاگادارکرایەوە کە دادگای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی لە دۆسیە نۆ ساڵییەکەدا لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە
دۆسیەکە، عێراق لەسەر تورکیای تۆمارکردبوو پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
بە گوێرەی سەرچاوەیەکیش بۆ ماڵپەڕی ئارگۆسی ئابووری، ئەمە دەبێتە گورزێکی کوشندە بۆ هەرێمی کوردستان.
دوای سەرکەوتنی داوا یاساییەکەی عێراق، تورکیا بەڵێنی داوە کە چیتر رێگەنەدات بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانەوە و تەنها بە رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رێگە بە هەناردەکردنی دەدات.
دۆسیەکە لە دادگای نێودەوڵەتی ناوبژیوانی سەر بە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی تۆمارکرابوو، ماوەی نۆ ساڵە ئەم دۆسیەیە لە دادگادایە،
تۆمەتەکەش ئەوە بووە کە تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی، رێککەوتنێکی ساڵی ١٩٧٣ی تایبەت بە بۆری گواستنەوەی نەوت پێشێلکردووە.
ناکۆکییەکەی عێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، ئەویش کاتێک حکومەتی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کێڵگە نەوتییەکانی لە رێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە دەروازەی فیشخابورەوە بەستەوە بە سنووری تورکیاوە.
دواتریش بۆریەکەی بەستبووەوە بە ئەو هێڵەی کە پێشتر حکومەتی پێشووتری عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک دایمەزرانبدوو تا لە رێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردەبکرێت.
کاریگەرییەکانی بڕیارەکە لەسەر هەرێمی کوردستان
ئابوری هەرێمی کوردستان پشتی بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە بەستووە.
سەرباری ئەوەی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و یەکێک لە درووشمەکانی ئابووری سەربەخۆیە، بەڵام ئەم گورزە زیانی زۆری دەبێت.
بەدەر لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی ئابووری، بەو پێیەی دادگای نێودەوڵەتی بڕیارەکەی داوە و تەواو یاساییە
لە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغداددا، هەرێم کارتێکی بەهێزی فشاری نابێت، لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدڕاڵی سەردەستە
ئەمە دەبێتە سێیەم گورزی کوشنە کە بەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەوێت
هەمووشیان لە سایەی سیاسەتە لاوازەکانی مەسرور بارزانی و بێهێزی لە دیپلۆماسییەتدا
پێشتر، دادگای فیدڕاڵی یاسای نەوت و غازی هەرێمی بە پێشێلکاری دەستوور لە قەڵەمدا.
هەروەها، هەمان دادگا گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوتی بە نایاسایی هەژمارکرد و وتی دەبێت کۆمپانیاکان پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی عێراق هەبێت.
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا حکومەتی فیدڕاڵی، لە سایەی سیاسەتە لاوازەکەی مەسرور بارزانی، بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکتەری نەوت و غازی هەرێم.
هەر ساڵی رابردووش، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدڕاڵ رایگەیاند کە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەوڵدان پابەندی بڕیارەکە بن بۆ ئەوەش سەرقاڵی کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم
ئەمە بەدەر لەوەی کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، کۆمپانیای ترافیوگرای سەنگافۆری، بە تەواوی کارەکانی لە هەرێمی کوردسان راگرت کۆتایی بە هەموو گرێبەستەکانی هێنا.
تا پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، هەرێمی کوردستان ٤٠٠ بۆ ٤٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە رێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە دەکرد
بەڵام، ئەگەری هەیە لە یەک بۆچوون گۆڕینی حکومەتی عێراقدا، ئەم هەناردەکردنە بوەستێت
ئەوکات هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی رووبەرووی قەیرانێکی نەبینراو دەبنەوە، ئەویش لەسایەی میانڕەوی مەسرور بارزانیدا.
|