کۆڵەکەیەکی خەبات لە باکوری کوردستان

27/03/2023
فۆتۆ: 



هەرچەندە کە یانەیەکی وەرزشییە، بەڵام بووەتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی خەبات لە باکوری کوردستان
سوپای تورکیا لەکاتی یارییەکان فڕۆکەی جەنگییان بۆ هەڵدەسێنێت و تورکەکانیش بە دروشمی ڕەگەزپەرستانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە
یانەی کوردییەکان لە تورکیادا زۆرن، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانیووە وەک ئامەد سپۆر لەلایەن دەسەڵاتە دوابەیەکەکانی تورکیاوە بە ئامانج بگیرێن

ئامەد سپۆر یانەیەکی تۆپی پێی باکوری کوردستانە، ساڵی ١٩٧٢ دامەزراوە
لە خولی تورکییدا چەندین یانەی کوردیی تێدایە
بەڵام ئامەد سپۆر تاکە یانەیە کە پارێزگاری لە شوناسی کوردیی خۆی کردووە و تەسلیم بەو ویستە زاڵەی تورکیا نەبووە کە وا دەخوازێت مۆرکی شوناس لە نەتەوە جیاوازەکانی تورکیا بسەننەوە و وەکو تورک خۆیان بناسێنن، یان وەک خۆیان دەڵێن، یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە

بەڵام ئامەد سپۆر نەچووە ژێر ئەو هەژمونە، بۆ ئەمەش باجی زۆریدا
تاکە سەرچاوەی دارایی ئەم یانەیە، ئەو پارە کەمەیە کە لە جەماوەرەکەی بۆی کۆدەکرێتەوە
تەنانەت حکومەتی تورکیا ڕێگری لەوەش دەکات کە کوردەکانی ئەوروپا پارە بۆ یانەکە بنێرنەوە و هەرجارێک و بە بیانوی جیاواز، دەست بە سەر پارەی یانەکەدا دەگرن

جگە لەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکەن و تۆمەتی تیرۆریان دەدەنە پاڵ
هەرکاتێکیش یاریەکی یانەکە بکەوێتە شارێکی تورکنشین، یاریزانەکان وەک ئەوەی خۆیان بۆ جەنگێک ئامادەبکەن، مامەڵە دەکەن

چونکە ئەزموونی ڕابردووی هاوشێوە زۆر بووە، بە دەیان جار لەناو شارە تورکیەکاندا و لەکاتی یاریدا، هێرشی جۆراو جۆر و سوکایەتی بەرامبەر یاریزانەکان کراوە، هەر لە تێگرتنی دەبە و بەرد و لێزەر و بۆمبی دوکەڵ
یاخود وتنەوەی دروشمی تۆرانییەکان (چەند دڵخۆشە ئەوکەسەی دەڵێت، من تورکم)

سەرەڕای ئەمانە، نە یەکێتی تۆپی پێی تورکی و نە فیفا، هیچ جارێک نەهاتوونەتە دەنگ بۆ بەرگری لە یانەکە، بەڵکو زۆر جاریش سزای ماددی و مەعنەوی یانەکەیان داوە
بۆ نمونە جاری وا هەبووە ڕێگری کراوە لەوەی بۆ ٦٠ یاری، هاندەرەکانی ئامادەبن
جاری واش هەبووە، ڕقی تورکەکان گەیشتووەتە ڕادەی کوشتن
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٦، ٣ ڕۆژ دوای یاریەکی ئامەد سپۆر بەرامبەر یانەی فەنەرباخچە، کە بە یەکسانبوون کۆتایی هات و شێخ موس ئۆزەر کاپتنی ئامەد سپۆر یانەکەی لە شکست ڕزگاکرد،   تەرمی کاپتنەکەی ئامەد سپۆر لە شوێنێکی دەرەوەی شار دۆزرایەوە، کە ئەوکات حکومەت دەیوت بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بووە، بەڵام دواتر ڕاستییەکەی ڕوونبوویەوە کە بە مەبەست کوژراوە

کاردانەوەکان بەرامبەر یانەکە کوردییەکە، هەر تەنها لە خەڵکە ئاساییەکەی تورکەوە نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی باڵای سیاسی و حکومیش هەمان شێوازە
ساڵی ٢٠١٧ بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکانیان دژ بە یانەکە، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ئەم یانەیە لە قەندیلەوە سەرپەرشتی دەکرێت 

هەروەها دەوڵەت باهچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیی، ڕایگەیاند "نە شارێک هەیە بەناوی ئامەد، نە یانەیەک هەیە بەناوی ئامەد سپۆر"

دوایین کاریش کە بەرامبەر ئەم یانەیە کراوە، لە یاریەکدا بوو بەرامبەر یانەی بۆرسای تورکی، کاتێک هاندەرە ڕەگەزپەرستەکانی بۆرسا، بەرگەی بوونی یانەیەکی کوردیان بە ناوێکی کوردییەوە نەگرت و سەرەتا بە دەبە و دارلاستیک و گازی فرمێسک ڕێژ هێرشیان کردە سەر یاریزانانی ئامەد سپۆر، دوایش هێرشەکان بە وتنەوەی دروشمی ڕەگەزپەرستانەی تورکەکان بەردەوامبوو

وەک هەموو جارێکی دیکە یاریزانان و هاندەرانی ئامەدسپۆر لەبری هەڵچوون و وەڵامدانەوەی تورکەکان، تەنها دروشمی (ئێمە کێین؟ ئێمە کوردین) دەدەن بە گوێێ تورکەکاندا

ئامەدسپۆر پێویستی بەم دان بەخۆداگرتنەیە، نەک وەڵامدانەوە و پاساودان بە دەستی حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی پەنا بباتە بەر داخستنی یانەکە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو یانەیە بووەتە کۆڵەکەیەکی خەباتی مەدەنی لە باکور و توانیویەتی زیاتر لە هەر حزب و پارتێکی سیاسی، کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە