بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت ٣٣٠ مێگاوات کارەبا لە هەرێم کەمیکردووە

31/03/2023
فۆتۆ: 

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی نەوتی حەسیرە و خورمەڵە، ٣٣٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانی کەمیکردووە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای پاریس بووەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت لەچەند کێڵگەیەکی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە.

راشیگەیاند، لە وێستگەی کارەبای گەرمیان کە بە غازی کێڵگەی نەوتی حەسیرە کارەبا بەرهەمدەهێنێت، ٨٠ مێگاوات کارەبا کەمیکردووە و لە وێستگەی خورمەڵەش لە هەولێر ٢٥٠ مێگاوات کارەبا کەمیکردووە، بەوەش ٣٣٠ مێگاوات کارەبا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەمیکردووە.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵدان بە پشتبەستن بە کارەبای هایدرۆپاوەری هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و وێستگەکانی غازی سلێمانی و هەولێر، قەرەبووی ئەو کەمبوونەوەیە بکەنەوە.