پارتی بۆ تەنگی بە دەرمانخانەی سەروەران هەڵچنیوە و ١٠ جار دایخستووە

01/04/2023
فۆتۆ: 

ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسە بازرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنگیان بە دەرمانخانەیەکی هەولێر بە ناوی سەروەران هەڵچنیووە و هەر چەند مانگ جارێک بە بیانووی جیاواز لیژنەیەکیان دەنێردرێتە سەر و دادەخرێن.

بەپێی زانیاریەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان کە لە سەرچاوەیەکی ناو کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێم دەستیکەوتووە، هۆکاری داخستنی بەردەوامی دەرمانخانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە و نرخی دەرمانەکانی لە خوار نرخی تەواوی دەرمانخانەکانی دیکەوەن و بەوهۆیەوە خاوەنی زۆرترین فرۆشە لەسەر ئاستی دەرمانخانەکانی هەولێر و بازاڕی بازرگانەکانی دەرمانیی بڕیووە کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن.

سەرچاوەیەکیش لە دەرمانخانەی سەروەران بە (ژیان)ــی راگەیاند، ئەمە یەکەمجار نییە ئەم کارە بەرامبەر ئەو دەرمانخانەیە دەکرێت و زیاد لە ١٠ جارە هەمان کار دووبارەدەکرێتەوە، بەرپرسانی کەرتی تەندروستی هەولێر دوو هەڵبژاردەیان خستوەتە بەردەم خاوەنەکانی ئەو دەرمانخانەیە، کە یان ئەوەتا لە قازانجی فرۆشتن دەیانکاتە هاوبەش، یاخود دەبێت نرخی دەرمانەکانی گرانبکات، چونکە بەهۆی هەرزانفرۆشی سەروەرانەوە، زیان بە دەرمانخانەکانی بەرپرسانی پارتی کەوتووە.

کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەولێر، بیانووی بۆ داخستنی دەرمانخانەی سەروەران ئەوەیە کە گوایە دەرمانی قاچاخی تێدابووە، لەکاتێکدا بەپێی زانیاریەکان، ٦٠%ی ئەو دەرمانانەی لە دەرمانخانەکانی هەولێر دەفرۆشرێن بە شێوەی قاچاخ هاوردە دەکرێن و هاوردەکارەکانیشی بەرپرسانی ئاستی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانن.