هەفتەى داهاتوو دەوامی فەرمیی فەرمانگە حکومیەکانى سلێمانى دەستپێدەکاتەوە

09/07/2020
فۆتۆ: 

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ژمارەیەک بڕیارى دەرکرد و رایگەیاند، یەکشەممەى داهاتوو دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.

بە پێى راگەیەندراوێکى لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی تیایدا بڵاوکراوەتەوە، لە ڕۆژی یەکشەممە (٢٠٢٠/٧/١٢)وە دەوامی فەرمیی گشت دامودەزگا حکومیەکان بەپێی بڕیارو مەرج و ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانی پێشتر ڕاگەیەندراون، دەستپێدەکاتەوە .

هەروەها هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا لە ڕۆژی 12ى تەموز بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان ئاسایی دەکرێتەوە، هاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ڕێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەک دەگرنەبەرو ئەرکی هەموو هاووڵاتیان و دامودەزگا حکومییەکان و دامەزراوە دادوەرییەکان و کەرتی تایبەتە هاوکارو هەماهەنگیان بن .

بەپێى زانیاریەکانى راگەیەندراوەکە، لە رۆژى شەممەى داهاتوو تاقیکردنەوە وەزارییەکانی (١٢)ی ئامادەیی دەستپێدەکات، بۆ باش بەڕێوەچوونی کەشی تاقیکردنەوەکان و لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، موەلیدە ئەهلیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبای پێویست لە ڕۆژو ماوەی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکاندا بۆ خوێندنگاو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکەن .