شوقەی کرێنشینان درۆیەکی دیکەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی

15/04/2023
فۆتۆ: 




نەبوونی یاسای گونجاو و تایبەتمەند، کە هەموو سێکتەرەکانی ژیان بگرێتەوە، وایکردووە لە سادەترین شتەکانی ژیانی ڕۆژانە، کەموکوڕی حکومەتی هەرێم دەربکەوێت
کرێنشینی یەکێکە لەو کێشانە، لەبەر نەبوونی یاسای گونجاو کە تیایدا ماف و ئەرکەکانی کرێنشین و خاوەن موڵک دیاری بکات، کێشەی قوڵی بۆ هەردوو لایەنەکە دروستکردووە

بەپێی کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، ٩٠ هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، بەڵام داتای حکومەت ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر پشاندەدات، بەپێی ئاماری دەستەی پلاندانان، ٢٠٠ هەزار خێزانی کرێنشین لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، ھەندێک ئاماریش باس لە زیاتر لەو ژمارەیە دەکەن

ساڵانێکی زۆرە بە ناوی وەبەرهێنان و پرۆژەی نیشتەجێبوون ، زەوی بە نرخی ڕەمزیی، حکومەت زەوی دەداتە وەبەرهێنەران، تەنھا لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوو، مۆڵەتدراوە بە چەند پرۆژەیەک، بۆ دروستکردنی ١٩٢ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام لە هیچ کامێکیان ڕەچاوی خەڵکی کرێچی نەکراوە، تا بە قەرزی درێژخایەن و پێشینەیەکی کەم ببنە خاوەنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان


دوای چەند جارێک داواکاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان سالی ڕابردوو بڕیاری دا بە دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شێوەی شووقەدا، کە بەسەر سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش دەبوو، مەسرور بارزانی دیسان ئەوەشی لەوکاتەدا کردە دەستکەوتی خۆی، بەڵێنی دا لە ماوەی ٢ ساڵدا، سەرجەم کاری پرۆژەکان تەواوبکرێت و کرێنشینان وەری بگرن
وا بڕیاربوو بۆ هەر یەکەیەک، بڕی ٤ هەزار دۆلار پێشەکی وەربگیرێت و ئەو بڕەشی دەمێنێت، بە قیستی ١٥ ساڵ وەربگیرێت

هەروەها وەک بەڵێندرابوو، ڕێژەی  %٥ بۆ %١٠ی یەکەکان، بۆ ئەو کرێنشینانە بێت کە پاشماوەی ئەنفال یاخود کەسوکاری شەهیدانن

هەنگاوی یەکەمی پرۆژەکە پڕکردنەوەی فۆڕم و ناو تۆمارکردن بوو لەلایەن کرێنشینانەوە، بەپێی زانیاریەکان سەروو ٢٥٠ هەزار فۆڕم پڕکراونەتەوە

دواتر دەبوایە بە تیروپشک، یەکەکان دابەشبکرانایە

بەڵام وا ساڵێک بەسەر وادەی بەڵێنەکەی مەسرور بارزانیدا تێپەڕی و هێشتا تەنانەت نەک تیر و پشک نەکرا و یەکە جیانەکرایەوە، تەنانەت کەس نازانێت شوێنی شوقەکان کوێیە و چۆن دەبن

لە کاتێکدا دەبوایە ئێستا بە لایەنی کەم، %٣٠  بۆ %٤٠ کاری یەکەکان تەواوبووایە


بەڵام ئەمە نامۆ نییە و هەرکەسێک شارەزای کارەکانی مەسرور و حکومەتەکەی بێت، دەزانێت کە ئەم کەسە، وەستای قسان و کۆڵەواری دەستانە

لەناو پایتەختدا، پرۆژەی بنەماڵەکەی مەسرور بارزانی و کەسە نزیکەکانیان، لە شەو ڕۆژێکدا لە زەوییەوە دەکرێتە پرۆژەی دەیان قات و دەست بە فرۆشتنی دەکرێت

بەڵام بۆ پرۆژەیەک کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی تیابێت و نەبێتە مایەی پڕبوونی گیرفانی بازرگانەکانی بنەماڵە، بە جۆرێک پشتگوێی دەخەن و لێی ناپرسنەوە، تا هەمووان لە بیریان دەچێتەوە و ئەمیش وەک بەڵێنەکانی دیکە، دەچێتە خانەی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکانی حکومەتە تڕە کەڵەکەکە