٤٨ تووشبووى کۆرۆنا لە گرتن و گواستنەوەی گەرمیان تۆمارکران

09/07/2020
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى گەرمیان رایگەیاند، ٤٨ کەس لە راگیراوان وکارمەندانى گرتن و گواستنەوەی گەرمیان تووشی کۆرۆنا بوون.

تەندروستى گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دواى ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن گرتن و گواستنەوەی گەرمیانەوە بە گومانی ھەبونی حاڵەتی کۆرۆنا لەناو راگیراوان، تیمەکانی تەندروستی گەرمیان دوو جار سەردانی ئەو دەزگایەیان کرد و نمونەیان بۆ پشکنین لێوەرگیرا .

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دواى دەرچونی ئەنجامى پشکنینەکان دەرکەوت ٤٨ لە راگیراوان و کارمەندانى گرتن و گواستنەوەی گەرمیان تووشی کۆرۆنا بون و لە ئێستاشدا ئەو تووشبووانە  جیاکراونەتەوە و لەلایەن تیمەکانی تەندروستی گەرمیانەوە چاودێریی دۆخی تەندروستیان دەکرێت.