ئەو ژنەی کۆنترۆڵی ئابووری سوریا دەکات

22/04/2023
فۆتۆ: 




بە ڕووخسارێکی مناڵکار و دەرکەوتنی لەپێناو هاوکاری خەڵک
لە ژنێکی خانەدانی بەبەزەیی دەچێت، کە هەموو ژیانی خۆی بۆ کاری چاکە تەرخانکردووە

بەڵام کاتێک وردەبیتەوە و دەزانی ئەمە (ئەسما ئەسەد)ی هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە، بێگومان ڕات دەگۆڕێت

ئەسما ئەسەد
خانمی یەکەمی سووریا

ئەو لە خێزانێکی سووری لە لەندەن لەدایکبووە و گەورە بووە، باوکی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە دەسەلاتی سوریا، ولاتەکەی خۆی بەجێهێشت

بەڵام ئەسما ساڵی ١٩٩٦، کاتێک بەشار ئەسەد لە لەندەن دەخوێنێت، دەیناسێت و بڕیاردەدات شووی پێ بکات و هاوسەرگیریەکەیان دەکەوێتە دوای چەند مانگێک پاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن بەشار ئەسەدەوە

بەڵام ئەسما بێبەش دەکرێت لە نازناوی خانمی یەکەمی وڵات و ئەو نازناوە هەر لەلای دایکی بەشار ئەسەد دەمێنێتەوە

نەدانی نازناوی خانمی یەکەم مەبەستی دیکەی لە پشت بوو، لەلایەن دایکی بەشار ئەسەدەوە، ئەسما چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە کە تۆ تەنها بۆ خستنەوەی مناڵ و وەچەی بنەماڵەی ئەسەد هێنراویت، نەک بوون بە بەشێک لە بنەماڵەی شاهانەی سوریا، بۆیە ئەسما کە کار بۆ وەدەرنانی دەکرا لە کۆشک، خۆی تەرخانکرد بە کاری خێرخوازی

هەرچەندە ئەسما خۆی وەک کەسێک دەردەخست کە بەشداری پرۆسەی سیاسی ناکات، بڵام ڕاستیەکەی ئەوەبوو، کە دەیویست جوڵەکانی لەکاتی خۆیدا بنێت، نەک بە جوڵەیەکی هەڵە یاریەکەی بەسەردا بشکێتەوە

لەڕێی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستی بەکارکردن کرد، کارکردنەکەی بە جۆرێک بوو، هەموو ڕێکخراوە دەرەکییەکان لەنێویاندا نەتەوە یەکگرتوەکان، کاتێک دەیانویست هاوکاری پێشکەش بە سووریا بکەن، لەڕێی ڕێکخراوەکەی ئەسما ئەسەدەوە دەیانکرد
بەمەش پێگەیەکی ناوخۆیی و دەرەکیشی بۆ خۆی و ڕێکخراوەکەی دروستکرد
هەرچەندە دوای هاتنی بەهاری عەرەبی، ڕێکخراوەکە لە پاڵ کاری سەرەکی خۆیدا، وەک هۆکارێکی سپیکردنەوەی ئەو پارانەش بەکاردەهات کە ئەسەد دەیدا بە گروپە میلیشیاکانی

ساڵی ٢٠١٢، کاتێک بە پیلانێکی ناخۆیی هاوسەری بوشرا ئەسەد، خوشکی بەشار ئەسەد کوژا و بوشراش ڕایکرد بۆ ئیمارات، ڕێگە خۆشبوو تاکو ئەسما پێگەی خۆی لەناو کۆشکیشدا قایم بکات

ئەو لەپێناو ئەو کارەدا، چاوی لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووری سوریا بوو، چونکە ئەو دەیزانی بەهۆی جەنگەوە هیچ دامەزراوەیەک بەسەر پێی خۆیەوە نەماوە و کۆنترۆلکردنی ئابووری دەتوانێت هێزی تەواوی پێببەخشێت

ساڵی ٢٠١٦ کاتێک دایکی بەشار ئەسەد مرد، ئەسما توانی نازناوی خانمی یەکەم بکاتە پاشگری ناوەکەی و بگاتە خەونەکەی، بەڵام ئەمە بەس نەبوو و نەیوەستاند لە پلانی دەستبەسەرداگرتنی ئابووری

ئەسما دەستیگرت بەسەر هەردوو زەبەلاحی ئابووری (سیریا تێل) و (شام هۆڵدینگ) کە لە بوارەکانی پەیوەندی و وەبەرهێنان کاریان دەکرد  و لەلایەن ڕامی مەخلوف، خاڵۆزای بەشار ئەسەدەوە سەرپەرشتی دەکران

ئەم دوو کۆمپانیایە ٪٦٥ـی ئابووری سوریایان پێکدەهێنا، پێشتر ئەسما بەهۆی خەسوویەوە، واتا پوری ڕامی مەخلوفی سەرپەڕشتیاری کۆمپانیاکان نەیدەتوانی کۆنترۆڵیان بکات

هێشتاش ئەمە بەس نەبوو بۆ ئەسما، ساڵی ٢٠١٩  ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنە گەورەکانی سوریای بانگهێشتی کۆنفرانسێک کرد لە هۆتێل شیراتۆنی دیمەشق، لەوێ سەپاندی بەسەریاندا کە مانگانە بە دۆلار پارە بخەنە بانکەکانی سوریا لەپێناو جێگیرکردنی بەهای لیرەی سوری

ئەسەد کاتێک لە تواناکانی ئەسمای ڕوانی و دانی بە کارامەیدا نا، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆشکی سەرۆکایەتی پێبەخشی

ئەسما نمونەیەکە لەو ژنە فەرمانڕەوایانەی کە لە جیهانی عەرەبیدا بەبێ دەنگی و بەبێ تەقاندنی فیشەکێک، دەسەڵاتی تەواویان وەرگرتووە، تەنها لەڕێی کارکردن یاخوود چاوەڕوانی بۆ نەمانی ڕکابەرەکانیان لە ڕێگاکەیاندا