کەمالییەکان دیسان دەسەتی تورکیا دەگرنەوە دەست

22/04/2023
فۆتۆ: 




ئەمەی ئەیبینیت نە کێشەی ترافیکە و نە ڕووداوی هاتوچۆ
تەنانەت ڕاگرتنی شەقام نییە بەهۆی قافڵەی ئۆتۆمبێلەکانی بەرپرسێکەوە
بەڵکو بە ڕووداوێکی زۆر گەورەتر دادەنرێت
 ئەمە خولەکێک وەستانی تورکەکانە لە ساڵیادی کۆچی دوایی مستەفا کەمال ئەتاتورک، وەک ڕێزێک بۆ دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیای مۆدێر

مستەفا کەمال ئەتاتورک...باوکی تورکەکان

نازناوی زۆریان پێداوە، پاڵەوانی نیشتیمانیی، نوێکەرەوەی زمانی تورک و نووسەرەوەی مێژوو
ئامانجی دانا و جێبەجێکرد
کاری بەو وتەیە دەکرد کە دەڵێت "بۆ ئەوەی دەوڵەتێک دروست بکەیت، دەبێت یاخی ببیت"

لە یاخیبوونەکەی ئەتاتورک، تورکیا دروست بوو
وڵاتێکی سیکۆلار و خاوەن بناغەیەکی ئابووری پتەو و پێگەیەکی سیاسی بەهێز
وڵاتێک کە توانی ببێتە یەکێک لە گرنگترین ناوچە گەشتیارییەکانی جیهان

وڵاتێک کە ئەتاتورک لەسەر خوێنی نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە دروستی کرد، 
کورد، ئەرمەنی، یۆنانی، عەرەبی کردە قوربانی دروستکردنی دەوڵەتی تورکیا

ساڵی ١٩١٨ کاتێک عوسمانییەکان بە برینداری لە جەنگی جیهانی یەکەم بە برینداری و شکاوی هاتە دەر، دەست و پێوەندیشی بە چەندین ڕێککەوتن بەسترابوو، لە نێویاندا ڕێککەوتننامەی سیڤەر کە عوسمانییەکان ناچار کران بە ڕادەستکردنەوەی تەواوی زەوی ئەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەی بە تورکی قسەناکەن و لەژێر دەسەڵاتی ئەواندان بە براوەکانی جەنگ
جگە لەوە هەڵمەتە سەربازییەکان لە هەموو لایەکەوە بۆ سەر عوسمانییەکان و تورکیا بەردەوامبوو، بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک مێرسین و ئەدەنە کەوتە ژێردەستی فەرەنسا، ئیتالیاش ئەنتاکیا و کۆنیای گرت، یۆنانیەکانیش ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ و ئەدرەنەیان گرت، ئەرمینییاش ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی گرت کە لە بنەڕەتتدا کوردی بوون

بۆیە لەو کاتەدا، ئەو ئیمپراتۆریەتەی عوسمانی کە دەوترا هێندە گەورەیە خۆری لێ ئاوا نابێت، ببێتە پارچەیەکی بچووک کە هەر چوارلای گیرابوو و لە سەرەمەرگدا بوو، 

سوڵتانی عوسمانی فەرماندە سەربازییەکانی بانگ کردەوە بۆ بەرگری لە ئیستەنبوڵ، بەڵام فەرماندەیەکی سوپا بەناوی مستەفا کەمال ئەتاتورک کشانەوەی ڕەتکردەوە، دەستلەکارکێشانەوەی لە سوپا ڕاگەیاند و هێزی ئازادیی دروستکرد کە جەنگی سەربەخۆیی پێدەکردن، بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لەو خاکەی گەڕاندەوە کە عوسمانییەکان لەدەستیان دابوو، لە ئەنجامدا وڵاتانی ناچارکرد کە ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ واژۆ بکەن، کە کرۆکی ڕێککەوتنەکە بریتیبوو لە دانپێدانان بە تەواوی خاکی تورکیا لە ژێڕ دەسەڵاتی کەمال ئەتاتورک
ئەو ڕێککەوتنە دانی نا بە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەی تورکیا بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە

لە هەمان ساڵدا ئەتاتورک تورکیای نوێی ڕاگەیاند، لەگەڵیدا بەڵینی ژمارەیەک کار و چاکسازی دا کە لە ڕێیەوە وڵاتێکی مۆدێرنی بەهێز بنیاتبنێت

ئەو چاکسازیانەی ئەتاتورک باسی کرد،  بچووکترین وردەکاری ژیانی کۆمەڵگا تا گەورەترین خاڵی دەگرتەوە، کە وایکرد بە یەکجاری ژیانی تاکێکی تورک بگۆڕێت

ئەم چاکسازیانە لەناو خەڵکدا بە (کەمالیات) ناسرابوو
کەمالیات لە بەرژەوەندی دانیشتوانەی تورکەکانی تورکیا بوو، بەڵام دژی کورد و ئەرمەن و عەرەب و ئەو گەلانەی تربوو کە خاکیان لە سەردەمی عوسمانییەوە داگیرکرابوو و لە تورکیای نوێشدا خاکەکانیان بەپێی ڕێککەوتنی نێودەولەتی لێکنربوو بە تورکیاوە
لە بنەڕەتدا چاکسازیەکانی کەمال، کاری بۆ دروستکردنی یەک نەتەوە دەکرد لە تورکیا، واتا تواندنەوەی ئەوانی دیکە لە تورکدا

وەک هەر کەسێک کە بیەوێت گۆڕانکاری بنەڕەتی بکات، مستەفا کەمال یەکەم خاڵی چاکسازیەکانی لە خوێندنەوە دەستپێکرد، لە وتارێکدا لە شاری بورسا وتی "ئەو نەتەوەیەی کە زانستی تیانەبێت، شوێنی نابێتەوە لە شارستانی مۆدێرندا"

لەسەر بنەمای ئەم وتانە، مستەفا کەمال لە نێوان ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٣٧ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە خوێندندا کرد، گۆڕانکاریەکەش بەرەو ڕۆژئاوابردنی تورکیا بوو، بەو واتایەی مستەفا کەمال خوێندن و زانستی سەردەمی عوسمانییەکانی بە زانست نەدەزانی و هەوڵیدەدا زانستی ڕۆژئاوا بگوازێتەوە تورکیا

بە هەمانشیوەی و ڕەوتی خوێندن کاری لەسەر سیستمی یاسایی وڵاتەکەی دەکرد، شێوەی ژیانی تاکی تورکی لە شێوازی سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانیەکانەوە گۆڕی بۆ ژیانی تاکێکی ئەوروپی

مستەفا کەمال هێندە وردبوو لە گۆڕانکاریەکانی، تەنات ڕۆژانی پشووی لە هەینییەوە گۆڕی بۆ یەکشەممە، خوێندنگا ئایینیەکانی هەڵوەشاندەوە و وانەی ئایینی لە خوێندگاکاندا نەهێشت

گۆڕانکاریەکان تەنها لە سیستم نەبوو، کەمالیات کاریشی لەسەر دەرکەوتنی تورکەکان دەکرد، تەربوش و عەمامەی عەرەبی قەدەغەکرد، کە سیمایەکی دیار بوو لەناو عوسمانیەکان

زەواجی مەدەنی کردە جێگرەوەی زەواجی شەرعی و فرەژنی و هاوسەرگیری خوار ١٨ ساڵی قەدەغەکرد

 لە کۆتاییشدا بە گۆڕینی پیتی عەرەبی بۆ لاتینی لە زمانی تورکیدا، کۆتایی بە هەموو سیمایەکی عوسمانیەکان لەناو تورکیادا هێنا

ڕێگەی بە ژنان دا بەشداری هەڵبژاردن بکەن 

لە سەردەمی ئێستای تورکیادا، هیچ کوچە و کۆڵان و فەرمانگە و خوێندنگەیەکی تورکیا نییە کە وێنەیەکی ئەتاتورکی تێدا نەبیت

کۆمەڵگا بە ئیسلامی و سیکۆلارەوە، لەوەدا هاوبەشن کە ڕێز لە ئەتاتورک بگرن

وەک ھەر کەسایەتییەکی سیاسی، بێگومان ژمارەیەک کەس هەن دژبەری ئایدیا و کارەکانی ئەتاتورکن، بە شکێنەری ئیمپراتۆیەتی عوسمانی و لەناوبردنی پاشماوەی یەکێک لە گەورەترین ئیمپراتۆریەتەکانی ئیسلامی دەزانن،  دەڵێن ئەو بە چەک و هێز فکری خۆی دەسەپاند بەسەر کەمینەکاندا

ئێستا کە سەد ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ، وڵاتەکە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووس سازدایە، تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری، کە تیایدا ڕکابەری سەرەکی هەڵبژاردنەکان، لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدار ئۆغڵووە، کلیچدار ئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆمارییە ئەو پارتەی کەمال ئەتاتورک دایمەزراند
دوای ٢٠ ساڵ لە دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتەکەی و هاوبەشەکانیان، کە بەپێی ئامارەکانی دەزگاکانی ڕاپرسی تورکیا، دڵخوازی خەڵکی تورکیا نەبوون
جارێکی دیکە دەرفەت لەبەردەم کەمالیەکانە تاکوو دەسەڵاتی تورکیا بگرنەوە دەست، کەمالیەکان لەم هەڵبژاردنە تەنها خۆیان نین کە بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری هاوپەیمانیان هەیە، لەنێویاندا کورد، کە لەتۆڵەی ئەوەی ئەردۆگان و پارتەکەی لەم ٢٠ ساڵە بەسەر کوردیان هێنا، بەڵینیان داوە دەنگ بە کلیچدار ئۆغڵو بدەن

ئەویش لە بەرامبەردا بەڵێنی داوە پەرلەمان بکاتە شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تورکیا، لەنێویاندا کێشەی کورد

بەڵام هێشتاش هیچ گرەنتییەک نییە، کە هەمان کاری باپیرە گەورەیان دووبارە نەکەنەوە