قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و پەرەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان کۆبووەوە

28/04/2023
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی بەجیا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ ماکیس ڤۆریدیس، و وەزیری پەرەپێدان و وەبەرهێنانی یۆنان ئەدۆنیس یۆریادیس، کۆبۆوەو تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و سودوەرگرتن لەئەزمونی ئەو وڵاتە کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، لەهەردوو کۆبوونەوەکەدا کە لەپەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دیڵفی لە یۆنان ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی نیسان ئەنجامدران، باس لە دوا پێشهات و گۆڕانکاریی سیاسی و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئابوریی کرا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی ئەو وڵاتەی کرد لەبەستنی کۆڕبەندی دێڵفی و هەرێمی کوردستانیش بەشدارە بەمەبەستی سود وەرگرتن لە یۆنان و وڵاتانی بەشداربوو لەبوارەکانی وەبەرهێنان و ژینگە و مافی مرۆڤ.

نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکردووە:" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان کرا و ئەوان ئامادەییان دەربڕی لەهاوکاری کردنی هەرێم لەو بوارانەی باس کران ".