پارێزگارە کوردەکەی لەندەن پەیامێکی بڵاوکردەوە
سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری لامبس لە لەندەن دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، بەو بۆنەیەوە پەیامیکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "هەوڵی تەواو دەدەین پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان لەخزمەتی دەنگ و دۆزی ڕەوای کورد بەکاربێنین و ئەوەی پێمان بکرێت بۆ خزمەتی کوردو گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلەکەمان بە جیهانی دەرەوە درێغی نەکەین".
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خوای باڵادەست و کاربەجێ
لەڕێورەسمێکی شایستەو تایبەتدا بەبەشداری نوێنەری تایبەتی خاوەنشکۆ شا چارلسی سێیەم و تێکڕای ئەندامانی ئەنجومەن و ژمارەیەک لەئەندام پەرلەمانانی بەریتانیاو کۆمەڵێک کەسایەتی ڕێزداری بەریتانیاو کوردستان، لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسی بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەک پارێزگاری لەندەن لامبس هەڵبژێردراین.
بەخۆشحاڵییەوە لەبۆنەکەدا بەجلوبەرگی نەتەوەیی کوردییەوە بەشداربوم، وە شانازییەکی گەورەبو بۆ من کە توانیم بۆ یەکەمجار لەمێژوودا وەک یەکەم بەرپرسی بەریتانی هاوکات لەگەڵ زمانی ئینگلیزی بە زمانی شیرینی کوردی سوێندی یاسایی بەجێبگەێنم.
بێگومان وەرگرتنی پۆستێکی ئاوا گرنگ لەوڵاتی بەریتانیاو بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیانی شارەکەمان و ئەندامانی ئەنجومەن بۆ من وەک کوردێک سەرباری ئەوەی شەرەفێکی گەورەیە، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەشە.
بەڵام وێڕای ئەو سەختی و ئالەنگارییانەی لەو ئەرکە گەورەیەدا دێنە رومان، پەیمان دوپات دەکەینەوە کە هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین کە لە ئاستی ئەم متمانەو مەسئولیەتە گەورەیەدا بین و بەوپەڕی تواناو متمانەوە بەپشتیوانی خوای گەورەو پاشان بەهاوکاری هەمولایەک هەوڵی پێشکەشکردنی باشترین دەدەین بە هاونیشتیمانیان و دانیشتوانی شارەکەمان و بە بەریتانیای مەزن.
هەوڵی تەواویش دەدەین پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان لەخزمەتی دەنگ و دۆزی ڕەوای کورد بەکاربێنین و ئەوەی پێمان بکرێت بۆ خزمەتی کوردو گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلەکەمان بە جیهانی دەرەوە درێغی نەکەین.
قُلِ اللَّەُمَّ مَالِکَ الْمُلْکِ تُۆْتِی الْمُلْکَ مَن تَشَاءُ ۆتَنزِعُ الْمُلْکَ مِمَّن تَشَاءُ ۆتُعِزُّ مَن تَشَاءُ ۆتُژِلُّ مَن تَشَاءُ ۖ بِێدِکَ الْخَیْرُ ۖ إِنَّکَ عَڵیٰ کُلِّ شَیْءٍ قَدِیرٌ
خوای باڵادەست شادو تەندروستان بکات
|