دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی مێشک لە بەغداوە دەگاتە سلێمانی

09/05/2023
فۆتۆ: 

لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی مێشک لە بەغداوە دەگاتە سلێمانی و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئاشکرای دەکات کە وەزارەتی تەندروستی عیراق رەزامەندی دەربڕیوە بەشی زیادەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ سلێمانی بنێرێت.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، دوای هەوڵەکـانمان دەرمان و پێداویستی پزیشکی و چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی مێشک، بەشی پاڵپشتی لەبەغداوە ئامادەکرا و لە چەند ڕۆژی داهاتوو تەندروستی سلێمانی وەریدەگرێت.

ئاماژەی بەوەکردووە، پاش ئەوەی  لەماوەی ڕابردوو سەردانی نەخۆشخانەی شار و بەشێکی تری نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگایی سلێمانیمان کرد و داواکاریەکانی ئەوانمان وەرگرت کەبەشی گرنگی نەبوونی دەرمان و پێداویستیە تەندروستیەکان بوو، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وەزیری تەندروستی عێراقمان کرد ڕەزامەندی ئەوانمان وەرگرت بۆ ناردنی بەشە زیادەی پێویستی دەرمان و پێداویستیە پزیشکییەکان، ئەمرۆش سەردانی کۆمپانیایی کیمیادیا سەر بەوەزارەتی تەندروستیمان کرد، پێیان راگەیاندین  کە بەشی پارێزگای سلێمانی ئامادەکراوە، تەنها ئەوە ماوە نوێنەری تەندروستی سلێمانی سەردانی بەغداد بکات بۆ وەرگرتنی.

ئەم بەشە زیادەیە بریتیە لە  
۱ـ دەرمان و پێداویستی پزیشکی
۲ـ بەشە پێویستی چارەسەرەکـانی تایبەت بەنەخۆشی هەوکردنی مێشکی منداڵان، 
۳ـ لیستێکی تایبەت بە نەخۆشخانە ڕاوێژکاریەکان

دڵنیایش دەدات کە "بەردەوام دەبن لەهەوڵـەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریەکان بۆ هاوڵاتیان و پڕکردنەوەی پێداویستی دامەزراوەکانی سلێمانی".