ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج: لە ساڵی رابردودا، ٧١ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ئاوارە بون

12/05/2023
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئاشکرای دەکات، لە ساڵی رابردودا، ٧١ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا ئاوارە بون و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی کۆچبەران زیاتر بکات.

 ناوەندی چاودێریکردنی تێکچونی ناوخۆیی و ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە،  لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناچار بە کۆچکردن بوون، ٧١ ملیۆن کەسن و ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی  ٦٠% زیادی کردوە.

ناوەندەکە باسی لەوەشکردوە،  جگە لە ١٧ ملیۆن ئۆکراینی بە هۆی شەڕ و ٨ ملیۆن کەس کە بەهۆی لافاوە گەورەکەی پاکستانەوە ناچار بە کۆچکردن بون،  ١٦ ملیۆن و٥٠٠ هەزار کەسیش لە ئەفریقای باشوور، کۆچیان کردوە و پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ژمارەی کۆچبەران زیاد بکات.

دەشڵێت، سێ لە سەر چواری ئەو کەسانەی کە ناچارکراون کۆچ بکەن، تەنها لە ١٠ وڵاتدا دەژین، کە زۆرترین رێژە لە سوریا، ئەفغانستان، کۆنگۆ، ئۆکرانیا و یەمەن بوە.