بانکی ناوەندی: ئەوانەی هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاریان داوە دۆسییەکانیان رەوانەی دادگا دەکرێت

12/05/2023
فۆتۆ: 

بانکی ناوەندی رایگەیاند، رێوشوێنی توند بەرامبەر بەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار دەدەن بەرامبەر بەدینار،

بانکی ناوەندی عیراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لە وەڵامی داواکاری هاوڵاتیان بۆ دۆلاری ئەمریکی بە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ بۆ مەبەستی بەکارهێنانی بۆ مامەڵەکانیان، سەرکەوتوبوە لە دابینکردنی ئامڕازی ئاسان و گونجاو کە بریتین لە پاڵپشتی بۆ یەکلاکردنەوەی کارتی ئەلیکترۆنی بە نرخی فەرمی و گواستنەوەی پارە لەو رێگەیەوە.

باسی لەوەشکردووە، هەندێک لە هاوڵاتییان توانیویانە کارتەکان بەدەستبهێنن و بەشێوەیەکی خراپ بەکاریبهێنن، ئەوەش بەپشت بەستن بە راپۆرتەکانی لایەنە ئەمنییەکان و رێکارەکانی چاودێری بانکی ناوەندی بۆ مەبەستی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستان.

روونیشیکردەوە، پەرەپێدانی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی نوێی توندکردوە، کە کۆتایی بەم دیاردە و پێشێلکارییانە دەهێنێت، کە لەسەر ئەم کارتانە بەکاردەهێنرێن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی، رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر سەرپێچیکاران، کەسایەتی، کۆمپانیا و بانکەکانی تەواو کراوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگاکانی تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە و دارایی تیرۆر دەکرێن

جەختیشیکردەوە، بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و فرۆشتنی دۆلار بە کاش وایکردوە جیاوازییەکی زۆر لە نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕەکاندا هەبێت، بۆیە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار پەیوەستە بە چالاکیی نایاسایی بازرگانان و ئەوانەی ئەو جۆرە کارە دەکەن، بەڵام هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لەو شێوازی مامەڵەیە چڕکراونەتەوە