لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان: ئەگەر داواکانمان جێبەجێ نەکرێت پرۆسەی خوێندن سڕ دەکەین

15/05/2023
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ یەکشەممە، لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەبۆنەی یادی 61 ساڵەی دامەزراندنیەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد و کۆمەڵێک داواکارییان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

دڵشاد مەجید لێپرسراوی لقی سلێمانی یەکێتییەکە ڕایگەیاند: "بەبۆنەی 61 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان و پەروەردەکاران دەکەین و سەری وەفا دادەنەوێنین بۆ مامۆستایانی شەهید بەتایبەت و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان".

وتیشی: "بەڕێزان یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ڕابردوو ئێستا و داهاتودا خزمەتکردنی مامۆستایانی بە پێشینەی کارەکانی زانیوە. لە هەمان کاتیشدا کار لەسەر سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەی خوێندن. لەو چوارچێوەیەدا بۆ پێشخستنی خوێندن پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە کار لەسەر جێبەجێکردنی ئەم داواکاری و خاڵانەمان بکات".

داواکارییەکان:

یەکەم: دیاریکردن و پێدانەوەی بڕی قەرزەکانی مامۆستایان لە پاشەکەوت و موچە هەڵپەسیردراوەکان و لێبڕینەکان کە لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
دووەم: کارکردنەوە بە بەرزە موچە واتە تەرفیع وە پێدانەوەی لە نزیکترین کاتدا کە تا کۆتایی ساڵی 2023 زیاتر نەبێت.

سێیەم: موچە لەکاتی خۆیدا هەر 30 ڕۆژ جارێک بدرێت.

چوارەم: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ کە لە ئێستادا بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022، 7 هەزار و 460 مامۆستای وانەبێژ لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیدا هەبووە.

پێنجەم: دابینکردن و هاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە بودجەیەکی تایبەت تاوەکو بتوانن کۆی پێویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن و وەزارەتەکان دابین بکەن بۆ ئەوەی هانا بۆ ڕێکخراوە ناحکومی و حیزبییەکان نەبرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن.

شەشەم: دروستکردنی باڵەخانەی خوێندن کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەلات 243 ناوەندی خوێندنمان هەیە دوو دەوامییە وە 49 ناوەندی خوێندنمان هەیە میوانن لەسەر ناوەندەکانی خوێندنیتر وە 4 ناوەندمان هەیە نزیکە لە ڕوخان و 9 ناوەندی خوێندنی 3 دەواممان هەیە".

دڵشاد مەجید هۆشدارییدا لە جێبەجێ نەکردنی داواکانیان و ڕایگەیاند، "ئێمە بڕوامان وایە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن پرۆسەیەکی هەمیشەیی بەردەوامە و پێویستە هەموومان لە خزمەتی پرۆسەکەدا بین. بەڵام بە دڵنیاییەوە دورکەوتنەوەی موچە و پێنەدانی موچە و ڕاگرتنی موچە پاشەکەوتکراوەکان ئەبنە هۆکار بۆ ئەوەی پەروەردە سڕکەین یاخود پەروەردە وەکو پێویست پێش نەکەوێت".