کۆمەڵی دادگەری: هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن

19/05/2023
فۆتۆ: 

بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای پارتی سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیان کرد

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیان کرد و لەلایەن عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئەو حزبەوە پێشوازییان لێ کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمەڵی دادگەریی، لە کۆبوونەوەکەدا  كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی جه‌ختی كرده‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی دیاری كراو ئه‌نجام بدرێت و هیچ پاساوێك نه‌بێ بۆ ئه‌نجام نه‌دانی، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌.

هەردوو شاندی پارتی و کۆمەڵی دادگەریی، بەپێویستیان زانیوە "هەرچی زووترە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێن کە لایەنەکان لەسەری ناکۆكن، بۆ ئەوەی بەبێ هیچ پاساوێك هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێن".

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کوردستان، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامیەتی پشتیوان سادق، عەلی حوسێن و جەعفەر ئێمینکی سەردانی بارەگای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیان کرد لە هەولێر.