ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

24/05/2023
فۆتۆ: 

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت، " تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دواپێشهاتەکانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٤ـی ئایاری ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک تاووتوێ دەکرێن؛ تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستەڕووی دواپێشهاتەکانی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥.

باسی لەوەشکردوە، لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی بەرەئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٣ـی تایبەت بە دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی داراییی گشتی دەکرێت. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەشڵێت، خستنەڕووی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکە دەبێت.