ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری رێکخستنەوەی دارایی گشتی پەسەندکرد

24/05/2023
فۆتۆ: 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بە كۆی دەنگ رێكخستنەوەی دارایی گشتی و بە ناوەندیكردنی مووچەی پەسەند كرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکخستنەوەی دارایی گشتی لە ھەرێم، بە کۆی دەنگ ھەموو بڕگەکانی بڕیارەکەی پەسەندکرد، بە ڕەچاوکردنی ئەو ھەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران، بەپێی بڕیارەکە جارێکی تر بنەماکانی دارایی گشتی لە ھەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییکردنی داھات، خەرجیەکان، بە ناوەندییکردنی مووچە لەسەرتاسەری ھەرێم کە کاری لە پێشینەی بێت پێش ھەر خەرجیەکی تر و بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو بڕیارە دابڕێژن، بۆردێکی باڵای پشتیوانیش پێکھێنرا بۆ ئاسانکاریی و لابردنی بەربەست و ئاستەنگەکان.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، دوا پێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ ، ٢٠٢٥ و گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەکانی ھەرێم خرانەروو، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە پێویستی زانی پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق و بەجۆرێک رێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم بگیرێت و  نابێ ھیچ ھەموار و گۆڕانکارییەک لە بودجەدا بکرێت کە بەدەربێت لە رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد،  ھاوکات رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە پێویستە بەغدادیش ئەرکی سەر شانی خۆی جێبەجێبکات و ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق دابین بکات.

ھاوکات ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد، بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ کارکردن بە ماددەی ١٣ لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی ٢٠١٩، بە ڕەوانەکردنی یەک لەسەر دوانزدەی خەرجیە دارییەکانی ھەرێم لە ساڵی پێشوو کە لە لایەن تیمی ھاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی کراوە.