حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەو گۆڕانکارییانەی لە بودجە کراون پێوەی پابەندی نابین.

26/05/2023
فۆتۆ: 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی هاتەدەنگ لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەوی رابردوو لە پرۆژەیاسایی بودجە کرا، حکومەتی هەرێم دەڵێت، "ئەو گۆڕانکارییانەی لە بوجە کراون دژی ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵیە و پابەندی نابین".

لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو گۆڕانکاریانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێککەوتی ٢٠٢٣/٥/٢٥ دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران ، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەولەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە.

دەشڵێت، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبول ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە گەل حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە.