ناسا: پێدەچێت مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت
ئاژانسی ناسا هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەمساڵدا و دەڵێت، "پێدەچێت مانگی تەممووزی ئەمساڵ گەرمترینی مێژوو بێت".
گێڤن شیمدت، پسپۆڕی بواری کەشوهەوا لە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا "ناسا"، رایگەیاند، "گۆڕانکارییەک لە جیھان دەبینین کە پێشتر ھەرگیز رووینەداوە؛ ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە ئێستا لە ئەمریکا، ئەوروپا و چین دەیبینین، ریکۆردەکانی شکاندووە."
هاوکات لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، کەیت کاڵڤن، سەرۆکی ناسا و راوێژکاری باڵای کەشوهەوا رایگەیاند، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ گەرمترین مانگی حوزەیرانی بووە لە مێژوودا، چاوەڕوان دەکرێت تەممووزی ئەمساڵیش ببێتە گەرمترین مانگی تەممووز لە مێژوودا.
کاڵڤن وتیشی، "ئێمە لە زانستەوە دەزانین کە چاڵاکییەکانی مرۆڤ، بەتایبەت دەردانی گازە زیانبەخشەکان دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی."
بەگوێرەی ناسا، لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە، هۆشداریش لە گەرمبوونی زیاتری زەوی دەدەن.
|