مستەفا كازمی: هەر كەسێك پێشێلی دەروازە سنورییەكان بكات تەقەی لێدەكرێت

11/07/2020
فۆتۆ: 

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاتی كردنەوەی دەروازەی مەندەلی ڕایگەیاند، فەرمان دەرچووە بۆ هێزە ئەمنییەكان، هەر كەسێك پێشێلی ڕێنماییەكانی دەروازە سنورییەكان بكات، تەقەی لێ بكەن .

كازمی لە میانی كردنەوەی دەروازەی مەندەلی سنوری نێوان عێراق و ئێران ڕایگەیاند "قۆناغی گێرانەوەی یاسا و سیستم دەستی پێكردوو بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادەین بە دزینی ماڵ و سامانی گشتی لە دەروازە سنورییەكان ".

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا ئۆپراسیۆنی فراوان بەڕێوە دەچێت بۆ كۆنترۆڵكردن و سەپاندنی یاسا لە دەروازە سنورییەكان و ناوچەكانی دەوروبەری .

ئاماژەی بەوەشكرد "ناوچەب گومرگی لە ئێستاوە لەژێر پارێزگاریی هێزی سەربازیدایە و سەردانەكەمان پەیامێكی ڕوونە بۆ هەموو گەندەڵكاران، بەوەی كە لەمەو دوا ناتوانن هیچ جێپێیەكیان هەبێت لە هیچ دەروازایەكی سنوری و پێویستە لەسەر سەرجەم فەرمانگە پەیوەندارەكان  دژایەتی گەندەڵی بكەن، پلانی پێویستمان داناوە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵكاران لەسەرجەم دەروزاە سنورییەكان، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەك هاوكاربێت بۆ سەرخستنی ئەو پلانە ".

لە بەشێكی تری وتەكانیدا كازمی ڕایگەیاندووە "دەسەڵاتمان داوە بە سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان، دژایەتی گەندەڵكاران بكات و ڕوبەڕوویان بێت لەسەرجەم دەروازە سنورییەكان ".

كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ دووبارە كردنەوەی دەروازەی سنوری مەندەلی، عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی هێزی دزەتیرۆری عێراقیش هاوڕێیەتی كردووە و كۆنترۆڵی زۆربەی دەروازە سنورییەكان سپێردراوە بە هێزەكانی دژەتیرۆر و هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێرا .

بەر لە گەشتی كازمی بۆ دەروازەی سنوری مەندەلی هێزەكانی دژەتیرۆر بە فرۆكە لە ناوچە دابەزیوون و دەستەجێ كۆنترۆڵی دەروازەی سنوری مەندەلییان كردووە.