ئەمریكا هۆشداری دایە هاوڵاتییەكانی لە چین
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پەکین
فۆتۆ:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری دایە هاوڵاتییەكانی لە وڵاتی چین، كەبەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، مەترسی دەستگیركردنیان زیاتر بووە .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو هاوڵاتیە ئەمریكیانەی كە لە چینن، پێدەچێت بخرێنە ژێر لێكۆڵینەوەوە و بۆ ماوەیەكی دووردرێّ دەستگیر بكرێن بەهۆیكاری پەیوەندار بە ئاسایشی دەوڵەتەوە .
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە، دەسەڵاتدارانی چین پێدەچێت قەدەغەی چوونە دەرەوە بە هەمان بیانوو بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریكادا بسەپێنن، كە گوایە چوونە دەرەوەیان زیانی هەیە بۆ ئاسایشی دەوڵەت .
ئەو هۆشداریەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كاتێكدایە، دوێنَێ حكومەتی پەكین بەڵێنیدا، سزا بەسەر ئەمریكادا بسەپێنێت لە پای ئەو سزایانەی واشنتۆن سەپاندووەیەتی بەسەر لێپرسراوانی چیندا، بە تۆمەتی سەركوتكردنی كەمینە ئیغۆرییە موسڵمانەكانی هەرێمی چینجیانگ .
ئەو هەنگاوانەی هەردوولا لە كاتێكدایە، پەیوەندییەكانی نێوان چین و ئەمریكا ماوەی چەند مانگێكە ئاڵۆزی زیاتری تێكەوتووە، بە تایبەت دوای سەپاندنی یاسایەكی تایبەت بە ئاسایش و كۆرۆنا لە هەرێمی هۆنگ كۆنگ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەی دەریای باشوری چین .
|