وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم و عێراق کۆدەبێتەوە

23/08/2023
فۆتۆ: 

دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی حکومی هەرێم کۆدەبێتەوە.

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدادە و ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبێتەوە بڕیارە دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە دوای کۆبوونەوەکانی لە بەغداد، وەزیری دەرەوەی تورکیا بێتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دۆخی ئەمنی و پەیوەندییەکان هەردوولا.

هەر لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، پرسی ئاسایشی هەردوو وڵات و پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکرێت.

ئیوارەی رۆژی سێشەممە "هاکان فیدان" گەیشتە بەغداد و لەگەڵ "فوئاد حسێن" وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیان تاوتوێکرد.