لەسەر گۆڕینی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت پاپای فاتیکان بێدەنگی شكاند

12/07/2020
فۆتۆ: 

پاپای فاتیكان لەسەر گۆڕینی شوێنی كەلەپوری ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت لەلایەن حكومەتی توركیاوە،بێدەنگی شکاند و بێهیوایی خۆی لەو هەنگاوە دەربڕی .

پاپا فرانسیس لە وتەیەكدا لە كۆتایی هەفتەدا کە لە گۆڕەپانی قدیس پتروس لە فاتیکان پێشکەشی کرد وتی "هۆش و بیرم لای ئیستەنبوڵە و بیر لە ئایا سۆفیا دەكەمەوە و هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەم ".

بەو لێدوانەش پاپای فاتیكان بێدەنگی خۆی شكاند لەسەر ئەو هەنگاوەی حكومەتی توركیا كە ماوەی دوو ڕۆژە جێبەجێی كردووە و جیهان چاوەڕوانی هەڵوێستی فەرمی پاپایان دەکرد .

دادگای باڵای ئیداری توركیا ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێكی پێشتری حكومەتی توركیا، كە لە ساڵی 1934 دەرچووە و شوێنی كەلەپوری ئایا سۆفیای گۆڕیبوو لە مزگەوتەوە بۆ مۆزەخانە .

دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگاش، ڕاستەوخۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا مەرسومێكی سەرۆكایەتی دەركرد، كە ئاماژە دەكات بە گێڕانەوەی ئایا سۆفیا وەك مزگەوت، ئەوهەنگاوەی توركیا بووە مایەی نانەوەی ناڕەزایی و گفتوگۆیەكی دوورودرێژ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی .

شوێنی مێژووی ئایا سۆفیا لە ساڵی 537ی زانینی وەك كەنیسەیەك بنیاتنراوە، دوای دەستبەسەراگرتنی عوسمانییەكان بەسەر شاری قوستەنتینییەدا لە ساڵی 1453دا گۆڕدرا بۆ مزگەوت، لە ساڵی 1934 حكومەتی توركیا بە بڕیارێك شوێنەكەی گۆڕی بۆ مۆزەخانە و لەسەرانسەری جیهانەوە سەردانی دەكرێت .