رۆژنامەی (ئەلعەرەب): پشکی هەرێم لە بودجە تا کاتێکی نادیار سڕکرا
زانیاری نوێ لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ئاشکرا دەکرێت و رۆژنامەیەک دەڵێت، پشکی هەرێم لە بودجە تا کاتێکی نادیار سڕکرا
رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ناوەند بۆ ئەم مانگەش بڕێک پارە وەک سلفە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش مانای خەرجنەکردنی پشکی هەرێمە لە بودجەدا کە لە حوزەیرانی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکرا.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی عێراق، کە لە پشتییەوە چێوەی هەماهەنگی هەیە و دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای عێراق پێکدەهێنێت، پشکی هەرێم وەک کارتی فشار بەرامبەر کورد بەکاردەهێنێت پەیوەست بە چەند دۆسیەیەک، لەوانەش پرسی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومیی عێراقیدا ئەنجامدا، بەڵام شاندەکە بێ ئەنجام گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان
|