توێژینەوەیەك باس لە تەندروستی ئەو كەسانە دەكات کە لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

12/07/2020
فۆتۆ: 



توێژینەوەیەكی زانستی باس لەوە دەكات ئەو كەسانەی لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، هێشتا بەشێكیان نیشانەی هیلاكی و تەنگەنەفەسیان پێوە دیارە .

توێژینەوەكە لە لایەن گۆڤاری "جاما"ی پزیشكییەوە بڵاوكراوەتەوە و لەسەر ئەو نەخۆشانە ئەنجامدراوە، كە لە وڵاتی ئیتالیا فایرۆسی كۆرۆنای پەڕاندووە .

بە گوێرەی توێژینەوەكە  لە90%ی ئەوانەی چاكبوونەتەوە، هێشتا نیشانەی هیلاكی و لەشداهێزران و تەنگەنەفسییان تێدا ماوە .

ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەكە بوون، نیشانەكانی وەك كۆكین و تای بەرز و تەنگەنەفەسی و ئازاری ماسولكە وجومگەكان و هیلاكی و تێكچوونی دەزگای هەرس و كەم خوێنییان بەشێوەیەكی ئاشكرا پێوە دیارە .

توێژینەوەكە لەسەر دۆخی تەندروستی ئەو كەسانە كراوە، كە لە ئیتالیا لە نێوان 21 ئازار تا 29 حوزەیران تووشی فایرۆسەكە بوون و چاكبوونەتەوە .

دەركەوتووە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 19 بۆ 84 ساڵیدا بووە، ناوەندی تێكڕای مانەوەیان لە نەخۆشخانە 14 ڕۆژ بووە .

وەك توێژینەوەكە باسی كردووە، لە 179 كەس تەنها 18 كەسیان بە تەواوی چاكبوونەتەوە و هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان تێدا نەماوە، لە كاتێكدا ئەوانی دیكە هێشتا كێشەی تەنگەنەفەسی و ئازاری جومگەكان و سنگیان هەیە .

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی فایرۆسی كۆرۆنا بوون لەسەرانسەری جیهان، گەیشتووەتە  زیاتر لە 12 ملیۆن و 500 هەزار كەس و تائێستاش بەهۆیەوە 560 هەزار كەسیش گیانیان لەدەستداوە .

لە ئێستادا ویلایەتە  یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرترین زیانی كۆرۆنای بەركەوتووە و بەشێوەیەكی گشتی ڕۆژانە زیاتر لە 66 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا دەبن، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا ژمارەی تووشبوان گەیشتووەتە  3 ملیۆن و 200 هەزار كەس و 135 هەزار كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە .