عەلی خامنەئی دانی نا بە کێشە سەرەکییەکانی وڵاتەکەیدا

12/07/2020
فۆتۆ: 



عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران دانی نا بە كێشە ئابورییە گەورەكانی وڵاتەكەی و ڕایگەیاند، گرگترین بابەت بەلایانەوە پەیوەستنەبوونی ئابوریە بە نەوتەوە .

رابەری باڵای ئێران لە وتەیەكدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەی كە لەڕێگەی فیدیۆ چاتەوە قسەی بۆ كردن وتی "ڕەخساندنی هەلی كار و كەمكردنەوەی هەڵاوسان و پابەندنەبوونی ئابوری سیستمی دارایی وڵات بە نەوتەوە، گرنگترین ئەو بابەتانەن كە ئەمڕۆ بەلای ئێرانەوە گرنگن .

خامنەئی دانای نا بەوەدا كە ئێران دووچاری كێشەی ئابوری زۆر بووەتەوە، بەشێوەیەك وەك نەخۆشی لێهاتووە، بەڵام بەهۆی ژێرخانی بەهێزو توانای بەرگریی ئێرانەوە، دەتوانن بەسەر ئەو نەخۆش و دەردە ئابورییانەدا سەركەون .

ڕابەری باڵای ئێران باسی لەوە كرد، ئەو پێشكەوتنەی كە بووەتە مایەی سەرسوڕمان لە پیشەسازی سەربازی ئێران و ئەو سەركەوتنانەی كە لە بواری بۆشایی ئاسمانیدا بەدەستی هێناوە، ئاماژەن بۆب وونی توانای گەورە و پێشكەوتوو لای ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر كێشەكانیدا زاڵ بێت .

لە بەشێكی تری وتەكانیدا خامنەئی جەختیكردەوە، ڕێژەی هەڵاوسان و نزمبوونەوەی بەهای دراوی نیشتیمانی و گرانی و كیَِشەی یەكەكانی بەرهەمهێنان و ئەو كێشانەی كە بەهۆی گەمارۆكانەوە هاتوونەتە پێش، وایكردووە ژیانی چینی هەژار و مامناوەند  زۆر قورستر بێت .

لە كۆتایی وتەكانیدا رابەری باڵای ئێران جەختیكردەوە، سەرباری سەپاندنی قورسترین سزای و فشاری هەمەلایەنە، بەڵام دوژمن سەركەوتوو نەبووە لەوەی ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، دەربارەی فایرۆسی كۆرۆناش ئاماژەی بەوەكرد، تەشەنەكردنەوەی سەرلەنوێی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبوان و گیان لەدەستدانەكان، بەڕاستی دۆخێكە مایەی دڵتەنگییە و وتی ئەو شەرم لە پەرستیارەكان دەكات بەهۆی ئەو قوربانی دانە زۆرەی پێشكەشیان كردووە .