چوارچێوەی هەماهەنگی: پێدەچێت سەرەتای مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان زانیاری نوێ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهان ئاشکرادەکات و دەڵێت،" گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا دەستیان پێکردوەتەوەو پێشبینی دەکەن مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە".
تورکی عەتبی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایگەیاندوە، " گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و هەموو رێککەوتنێک کراوە بۆئەوەی لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێبکاتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، " بەپێی هەموو پێشبینییەکان چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە".
باسی لەوەشکردوە، "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە جگە لەوەی سوودی بۆ تورکیا و عێراقیش هەیە، فشار لەسەر بەندەرەکانی پارێزگای بەسرەش کەم دەکاتەوە".
|