فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم کردەوە دوژمنکارییە پێشێلی سەروەری خاک و ئاسمانی عێراقە

18/09/2023
فۆتۆ: 

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی‌ عێراق له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێت: بەتوندی کردەوە دوژمنکارییەکەی ئەمڕۆی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەرەبەت ئیدانە دەکەین، کە بەهۆی بوردومانی دوو فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە شەش پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهید و برینداربوون.

بەتوندی کردەوە دوژمنکارییەکەی ئەمڕۆی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی سەربە ناحیەی عەرەبەتی پارێزگای سلێمانی دەکەین، کە بەهۆی بوردومانی دوو فرۆکەی بێفرۆکەوانەوە شەش پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەهید و برینداربوون. 
ئەم کردەوە دوژمنکارییە پێشێلی سەروەری خاک و ئاسمانی دەوڵەتی عێراقە، کە بەداخەوە ئەمە چەندینجارە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان روودەدات و هەرەشەشە بۆ سەر ئۆقرەیی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان.

داوای لەحکومەتی ئیتحادی دەکەین کە بێتە دەنگ لەئاستی ئەم پێشلکاریانەی سەر سەروەری عێراق و رێوشوێنی دیپلۆماسی بگرێتەبەرو ئەنجامدەرانی ئەمجۆرە کردەوە دوژمنکارییانە ناچار بکرێن رێز لە سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق بگرن و دەست لەم تاوانکارییانە هەڵبگرن. 

داوا لە فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی نیشتمانپەروەری ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکەین هەڵوێستیان هەبێت لەپاراستنی سەروەری و ئارامی عێراق.

سڵاو لەرۆحی ئەو پێشمەرگانەی دژەتیرۆر کە ئەمرۆ لەبۆردومانەکەدا شەهیدبوون، کە ئەم هێزە رۆڵی گەورەی لە شەڕی تیرۆرو تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و هاوکارو هەماهەنگی هێزەکان و دەزگا ئەمنیەکانی ئیتحادی بوون لە پاراستنی ئاسایشی عێراق. 

فراکسیۆنی یەکێتی 
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق