نەوت سامانێکی هەڕاجکراو و داهاتێکی تاڵانکراو

13/07/2020
فۆتۆ: 

داهاتی نەوت بۆ کوێ دەڕوات و کێ سودمەندی سەرەکیە؟ لە کۆی 8 ملیار 500 ملیۆن دۆلاری ساڵی رابردوو لەسەدا چەندی بۆ خەڵک و حکومەت بووە؟


ماوەی چەند ساڵێکە هەناردەکردنی نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووەتە گرێکوێرەیەکی گەورە بۆ حکومەتی ناوەندیی و سەر ئێشەیەکی گەورە بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا، حکومەتی عێراقیش تۆڵەی خۆی لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

لەو نێوەندە زەرەرمەندی سەرەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و سودمەندی سەرەکی کۆمپانیا حیزبییەکانن، بەردەوام بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبڕێت و فەرمانبەرانیش کەوتوونەتە بارێکی دەرونی روخێنەر و ناهەموار ئەوە جگە لە راگرتنی تەمویلی پرۆژەکان و بەشێکی زۆری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشێت و ناتوانێت موچەی فەرمانبەران و بودجەی خۆی دابین بکات، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی لە رێگەی بەغداوە هەناردە بکات دوو هێندە زیاتر پارەی لەوە دەست دەکەوێت کە خۆی بیفرۆشێت.

ئەگەر ساڵی 2019 وەک نمونە وەرگرین، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا بە بەهای 8 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، لە هەمان ماوەدا 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، 2 ملیار دۆلار داهاتی ناوخۆیی هەبووە، کە کۆی گشتی ئەو پارەی دەست حکومەت کەوتووە دەکاتە 15 ملیار دۆلار (گرافیک)، ئەوەش گەورەترین داهات بووە لە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ.

لەو 8 ملیار دۆلارەی فرۆشتنی نەوت تەنیا 2 ملیار دۆلاری بۆ خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، 6 ملیار دۆلاری رۆشتووە بۆ خەرجی کە لە رووی ئابوورییەوە بە کارەساتێکی گەورە مەزەندە دەکرێت، لەو 6 ملیار دۆلارە 700 ملیۆن دۆلار دراوە بە کرێی گواستنەوەی نەوت لە رێگەی ئەو بۆرییەی کە حکومەت خۆی دروستی کردووە و فرۆشتوویەتی بە کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی کە چەند ساڵێک پێش ئێستا بەهۆی قەرزارییەوە فرۆشتی.

لەکاتێکدا حکومەت ئەو بۆرییە نەوتەی بە کەمتر لە 1 ملیار و نیو دۆلار فرۆشتووە، تاوەکو 25 ساڵ،  حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دەبێت ساڵانە 700 ملیۆن دۆلار بدات بە کۆمپانیای رووسنەفت بۆ کرێی هەناردەکردنی نەوت، ئەو  700 ملیۆن دۆلارەکە دەیدات بەو کۆمپانیایە بەشی موچەی مانگێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە 8 ملیار و نیوەکە 400 ملیۆن دۆلار دراوە بە تورکیا بۆ کرێی گواستنەوەی نەوت، 700 ملیۆن دۆلاریش دراوە بە کرێ و حەقدەستی ناوخۆی بۆ کەرتی کارەبا و پاڵاوگەکان، 600 ملیۆن دۆلار قەرزی حکومەت دراوەتەوە، 2 ملیار دۆلار دراوە بە حەقدەستی کۆمپانیا نەوتییەکان.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبواری نەوت کراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوت بفرۆشێت لە 70٪ی داهاتەکەی دەڕوات و لە 30٪ بۆ دەمێنێتەوە .

ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 ملیار دۆلار داهاتی   هەبووە کە لەبەغداوە هاتووە، لەو 14 ملیارە 12 موچە بەتەواوی دراوە، سەدان پرۆژەی گەورە و بچووکی  پێ دروستکراوە دەتوانین بڵێین هەموو پارەکە بۆ خەڵک خەرج کراوە، بەڵام ساڵی 2019 لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە تەنیا 5 ملیار دۆلاری بۆ ماوەتەوە و بۆ خەڵک خەرج کراوە، 10 ملیار دۆلاری بۆ قەرز و خەرجی رۆیشتووە.

ئەوەش وەک پسپۆڕانی ئابوری دەڵێن سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان گەندەڵی و بەهەدەردانی بێ شوماری تێدایە و فرۆشتنی نەوت تەنیا لە بەرژەوەندی کۆمپانیا حیزبییەکان و دەستەو گروپی دیکەدایە نەک خەڵک و حکومەت.

با راستییەکیش لەبارەی دۆسییەی بە هەدەردانی پارەی نەوت بخەینە روو، حکومەتی عێراق لە هەندێک شوێن بیری نەوتی لێداوە 7 ملیۆن دۆلاری تێچووە بەڵام لە هەرێمی کوردستان 70 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

حکومەتی هەرێمی کوردسیتان خۆی نزیکەی 3 هەزار پێشمەرگەی لە  لیوای نەوت و گازن هەیە و موچەکەشیان دابیندەکات، بەڵام، دەیان ملیۆن دۆلار دەدات بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بۆ پاراستنی کێڵگەکان و بۆریی نەوت.

خەڵک مافی خۆیەتی بپرسێت ئایا قەیرانی دارایی بە دواخستن و بڕینی موچەی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت یان رێکخستنەوەی کەرتی نەوت .

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان وەک دوو لایەنی سەرەکی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان فشارەکانیان لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی حکومەت ناچار بکرێت تاوەکو لەبری بڕینی موچەی فەرمانبەران چاکسازی لە داهات بەتایبەتی چاکسازی لە کەرتی نەوت بکرێت.

بەهۆی هەڵە یان نەزانی و گەندەڵییەکان لە دۆسییەی نەوت فەرمانبەران لە کابینەی هەشتەم قوربانی گەورەیان پێدرا لە پێناو کۆمپانیاکانی نەوت و موچەکانیان پاشەکەوت کرا بەڵام ئەم کابینەیەش بەنیازە هەمان کاری کابینەکەی پێش خۆی دوبارە بکاتەوە، بەبێ ئەوەی چاکسازی لە داهات بکات.