وتەبێژی کۆنگرە: دەنگ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ دەدرێت
وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی سەبارەت بەكارنامەی دووەم رۆژی کۆنگرەوە دەلێت، لە کۆنگرەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێن، بەڵام رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر دەدرێت.
تەلار لەتیف وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سایتی رەسمی حزبەكەی راگەیاندووە" رێکارەکانی کۆنگرە لە دووەم رۆژدا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ ئەندامانی کۆنگرە کەبەشدارن لە لیژنەکانی پرۆگرام، سکاڵا، پەروەردەی حزبی لە کۆنگرەی پێنجەم، پەیڕەو، وتاری سیاسی، شەهیدان و زیندانیان و کەمئەندامان، ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و پاشان راپۆرتی خۆیان دەهێننەوە ناو کۆبونەوەکە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".
دەشڵێت، بڕیاریشە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پێنجەمین کۆنگرە، رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر بدرێت و هەروەها شێواز و میکانیزمی هەرسێ ئەنجومەنی بەرژەوەندی و باڵای سیاسی و سەرکردایەتی و پشتیوانی دیاریی دەکرێن و دەنگی لەسەر دەدرێت
وتەبێژەكەی كۆنگرە ئەوەشی خستەڕوو، "پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی کە ڕەچاوی رێژەی بەشداری ژن و شوێنی جوگرافی دەکرێت، دواتر لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتییەوە بڕیار لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەدرێت، واتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە کۆنگرەدا هەڵنابژێردرێن".
|