لەسێیەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتیدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن
ئەمڕۆ هەینی 29-9-2023 سێیەمین رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بەردەوام دەبێت و بڕیارە پەیڕەوی ناوخۆ بخرێتە دەنگدانەوە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیش ھەڵبژێردرێن.
گفتوگۆکانی کۆنگرەش دەستپێدەکاتەوە، وتەبێژی کۆنگرەش دەڵێت: "لیژنەی شەهیدان و زیندانیان و کەمئەندامان و لیژنەی پەیڕەو کارەکانیان تەواو دەکەن، کە دوێنێ کارەکانیان تەواو نەکران".
بەگوێرەی کارنامەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ ئەو سێ ڕاپۆڕتەی لیژنەکانی تایبەتمەندی کۆنگرەکە دەکرێت کە ھێشتا مشتومڕی ئەندامانی کۆنگرەی لەسەرە، لە نێویاندا راپۆڕتی لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆ.
تەلار لەتیف وتەبێژی کۆنگرەی یەکێتیی رایگەیاند، لە رۆژی دووەمی پێنجەمین کۆنگرەدا، لیژنەکانی شەھیدان و زیندانیان و کەمئەندامان و پەیڕەو کارەکانی خۆیان تەواو نەکردوو، ئەمڕۆ لە سێیەمین رۆژدا گفتوگۆکانی کۆنگرە بەردەوام دەبێت.
وتیشی، ھەر لەمڕۆدا ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ھەڵدەبژێردرێن و رێکارەکانی تری کۆنگرە تەواو دەکرێن کەلەرۆژانی رابردوو تەواونەکراون.
|