ئەمڕۆ حزبێکی دیکە کۆنگرە دەبەستێت
ئەمڕۆ شەممە، بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان ١٣یەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجام دەدات و رابەری بزوتنەوەکەش دەڵێت، دو هەزار کەس لە کۆنگرەی ئەمجارە بەشدارن و هەوڵدەدەن کۆتایی بەو کۆسپ و تەگەرانە بهێنن کە لەبەردەم بزوتنەوەکەیان دروستبوە.
بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری سەرجەم ئەندامانی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکەنەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی شەممە کۆنگرەی دامەزراندن وەک یاسایەکی پارتە سیاسییەکان و کۆمسیۆن لە شاری سلێمانی و لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت.
لایخۆشیەوە، عیرفان عەلی رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاندووە، تا ئێستە بزووتنەوەی ئیسلامی ١٢ کۆنگرەی بەستووە و هیچیان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام لێک تێنەگەیشتنێک لە نێوان ئێمە و کۆمسیۆن هەبوو، ئەوان پێیان وایە هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی دەبێ کۆنگرەی دامەزراندن بکات، چەند جارێک بەهۆی دۆخەکە و ئەو لەمپەرانەی دەخرانە پێش کۆنگرە دواخرا، ئێستە بڕیار دراوە لە ٣٠/٩/٢٠٢٣ کۆنگرە ببەستین.
روونی کردووەتەوە، ئەو کەسانەی بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکەن، ژمارەیان دوو هەزار کەسە و پێشتر لیستی ناوەکانیان ئامادە کراوە، پەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵدەدرێتەوە و دەچێتە قۆناغێکی تر، کۆتایی بەو کۆسپ و تەگەرانە دێت کە لە رابردوودا خراونەتە بەردەم بزووتنەوەی ئیسلامی.
|