ئەمڕۆ بڕیار لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت

30/09/2023
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ شەممە ٣٠/٩/٢٠٢٣، کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەکاتەوە و پڕۆژەیاسای بە ‌پارێزگابوونی هەڵەبجە خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، کە پێشتر چەند جارێک رێگری لێکراوە و لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان لابراوە.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە خوێندنەوە و دەنگدان بۆ ژمارەیەک پڕۆژ یاسا ئەنجام دەدرێت و دەنگدانیش بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بڕگەی پێنجەمی کارنامەکەدایە و بڕیارە هەڵەبجە وەک ١٩ـهەمین پارێزگای عێراق بناسێنرێت.

لەبارەی دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رایەگەیاند، "رۆژی شەممە بۆ هەڵەبجە زۆر هەستیارە و داواکارم لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە جددی وەریگرن و کات بە فیڕۆ نەدەن و دەنگێکیش بە کەم نەزانن".

لایەنە کوردستانییەکانیش دەڵێن "ئەگەر ئەمڕۆ دەنگدان بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دوابخرێت ئەوا کاردانەوەمان دەبێت و بێدەنگ نابین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بەهۆی نەچوونی بەشێکی پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوە و تەواونەبوونی ژمارەی یاسایی ئامادەبووان دانیشتنەکە نەکرا.