پاسەوانی بەرپرسەکان کەمدەکرێتەوە
بە پێی فەرمانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارەی پاسەوانی بەپرسان و دیارەی چەکداریی لە عێراق کەمدەکرێنەوە و ڕێگری لە جموجۆڵی ئۆتۆمبێلی پڕ لەچەکدار بەچەکی قورسەوە لەشەقام و رێگەوبانەکان بکات..
بە پێی نووسراوێک کە عەبدولکەریم عەبدولحسێن سکرتێری تایبەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاڕاستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کردووە، تێیدا هاتووە، ژمارەی پاسەوانی بەتایبەتی و جموجۆڵی چەکدارەکان بە ئۆتۆمبێلەوە کەمدەکرێنەوە، بەتایبەت ئەوانەی چەکی جۆراوجۆر هەڵدەگرن و یاوەری بەرپرسان و فەرماندە سەربازیەکان دەکەن، لە سەرجەم ئاست و پۆستە جیاوازەکانیاندا، ئەمە ڕەنگدانەوەی دیاردەیەکی ناشارستانییە و ناگونجێت لەگەڵ خواست و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و دۆخی ئاسایش و ئەو ئارامییەی شارەکانی عێراق ئەزمونی دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها ئەو هێزانەی ئەرکی شەڕکردنیان لەئەستۆیە لەناو هێزە سەربازیەکان لەم بڕیارەدا بەدەر دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و جۆری هێزەکە و ڕەزامەندییە بنەڕەتییەکان بۆ جموجۆڵەکەی و ئەو ڕێگایانەی کە دەیگرێتەبەر.
هەر لەنوسراوەکەدا هاتووە، پێویستە لایەنی چاودێری، جموجۆڵی سەرپێچیکاران تۆماربکات و بیخاتەبەردەم سەرۆک وەزیران بۆئەوەی بڕیاری گونجاویان لەبارەوە بدرێت، لەسەر هەمو دامودەزگا خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانیش پێویستە فەرمانەکە وەکو خۆی جێبەجێبکەن.
|