ئەو كەسەی بەرهەم ساڵح سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو ٣ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو

13/07/2020
فۆتۆ: 

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی كە لە وەزارەتی كارەبای عێراق سەرۆك كۆمار سكاڵای لەسەر تۆماركردبوو، ئەمڕۆ دادگا سزای سێ ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند .

دادگای كەتنی كەرخ لە بەغدا كە تایبەتە بە تاوانەكانی دەستپاكی، ئەمڕۆ سزاس سێ ساڵ زیندانكردنی سەپاند بەسەر محەمەد فەوزی حسین، بەڕێوەبەری گشتی پێشوو لە وەزارەتی كارەبای عێراق .

ناوبراو تۆمەتی سوكایەتیكرد بە سەرۆك كۆماری درابووە پاڵ و لە سزاكەدا ئاماژەش كراوە بە حجزكردنی سەروەت و سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوە ی ناوبراو .

هەر لە بڕیارەكەی دادگا هاتووە كە تاوانبار محەمەد فەوزی حسین بە هیچ شێوەیەك ڕێگەی گەشتكردنی پێ نادرێت .

ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنێ بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار، دادگایەكی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەزارەتی كارەبا دەركرد .

فەرمانی دەستگیركردنەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئەو  بەڕێوەبەرە دەرچووە، كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق تۆمەتبار دەكات بە وەرگرتنی بەرتیل .

محەمەد فەوزی حسین زەیدی بەڕێوەبەری گشتی پێشووی  پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار تۆمەتبار دەكات بە وەرگرتنی 70 ملیۆن دۆلار وەك بەرتیل لە كۆمپانیایەكی چینی، لە بەرامبەر ئیمزاكردنی گرێبەستی وێستگەیەكی كارەبا لە شاری كوت، هەروەها تۆمەتباریشی دەكات بە تێكدانی گرێبەستێكی دیكەش .

هەروەها زەیدی هەڕەشە لە سەرۆك كۆمار دەكات و داوای لێدەكات كە "قەبارەی خۆی بزانێت" و هەروەها بەرهەم ساڵح تۆمەتبار دەكات بەوەی هەرەشەی لێكردووە، سەرجەم ئەو وتانە لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا هەیە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە .