| تەندروستی دهۆک: شەش تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەوە  
                                
                                     یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
                                 
                                     فۆتۆ: ئەرشیڤ دهۆک
                             
                                بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک رایگەیاند، شەش تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و بەوەش کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگاکە گەیشتووەتە ١٩٦ کەس.
                                
 
 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی٧ی٢٠٢٠، شەش نەخۆشی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19  دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ تووشبووەکان کراوە تا ئەو کاتەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچووە و دواتر بڕیاردراوە بنێردرێنەوە ماڵەوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راشیگەیاند، بە چاکبوونەوەی ئەو شەش نەخۆشە، کۆی گشتی چاکبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە ١٩٦ کەس و لە ئێستادا تەنها ٩٥ تووشبوو لە نەخۆشخانە ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.  بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19  تاوەکو ئەمڕۆ، نۆ هەزار و ٦٩٥ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٣٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٣٢٤ نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.  
 
 |