نزیکەی ٤٠٠ کرێکار لە دەروازی ئیبراهیم خەلیل بێکار دەبن

13/07/2020
دەروازی ئیبراھیم خەلیل
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

بەهوی گواستنەوەی هەردوو پشکی تایبەت بە هێنان و گواستنەوەی کەلوپەلی پزیشکی و پۆستە لەناو دەروازی ئیبراھیم خەلیل بۆ گومرکی سێجی لە قەزای سێمێل، نزیکەی ٤٠٠ کرێکار بێکار دەبن.

سەگڤان عومەر بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی لقی زاخۆ بە توڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، بەهۆی گواستەوەی ئەم دوو پشکە نزیکەی ٤٠٠ کرێکاری زاخو بێکار دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕیارە نیگەرانین و بۆ ئێمە ناخوشە، بەڵام لەسەر خەتین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و سندیکای کرێکارانی دھۆک بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزینەوە و ئەو کرێکارانە لەسەر ئیشی خویان بەردەوامبن.

هاوکات کرێکارێک لەناو دەروازی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، لەبەر قەرەباڵغی زۆر لە سنورەکە، ھەردوو پشکی تایبەت بە کەلوپەلی پزیشکی و پۆستە لە دەروازی ئیبراهیم خەلیلەوە گواستراونەتەوە بو گومرکی سێجی لە قەزای سێمێل.

ئەوەشی خستەڕوو، بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زور  کرێکار بێکار دەبن ، چونکە ئەو کرێکارانەی کە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کاردەکەن، لەبەر دوری رێگاکە ناتوانن بچنە گومرکی سێجی و لە ئیشەکەی خویان بەردەوامبن .

ئەوەش لە کاتێکدایە، زوربەی کرێکارەکان خێزاندارن و بە ئاسانی کاریان دەستناکەوێت، بەهۆی ئەم بڕیارەشەوە زیانێکی زوریان بەردەکەوێت.

گومرکی سێجی لە سنوری قەزای سێمێلە سەر بە پارێزگای دھوک، رۆژ لەدوای رۆژیش جموجۆڵی  بازرگانی لەو دەروازە سنورییە زیاتر دەبێت.