مەترسی فراوانبوونی شەڕ هەیە

27/10/2023
فۆتۆ: 

ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ساد" لە عێراق و چەند وڵاتێکی تر جێگیردەکات


ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێی "ساد" لە عێراق، کوێت، ئوردن، سعودیە، ئیمارات قەتەر جێگیر دەکات، ئەوەش لە پێناوی کەمکردنەوەی مەترسییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەهۆی فراوانبوونی شەڕی سوپای ئیسرائیل و گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین ئەو سیستمە موشەکییە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکات و بڕیار سیستمەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ جێگیربکرێت.

سیستمی بەرگری "ساد" لە ڕادارێکی پێشکەوتوو، سیستەمێکی مووشەکی و ناوەندی پێکدێت، کە توانای دۆزینەوە و ئامانجکردنی مووشەکی کروز و مووشەکی بالیستیکی کورت مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە تا دووری ١٢ هەزار کیلۆمەتر هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەم چەند رۆژی رابردوودا، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا بە موشەکی مەودا مامناوەند و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کە جێگیرکردنی ئەم سیستمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە رووندەکاتەوە ئەمریکا نیگەرانە لەو دۆخەو دەیەوێت بنکە سەربازییەکانی لەو هێرشانە بپارێزێت.

بە جێگیرکردنی ئەو سیستمە ئەمریکا جگە لە پاراستنی بنکە سەربازییەکانی، هاوکاری هاوپەیمانەکانیشی لە ناوچەکە دەکات، بەرگری لە خۆیان بکەن، بەتایبەتی ئەگەر شەڕی گروپە چەکدارییەکانی نێوان فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل فراوان بێت.