بافڵ جەلال تاڵەبانی: بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر پەیوەستە بە هاریکاری نێوان سەرجەم لایەنەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کرد.
ژیان:
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە:" لەدیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی سیاسیی هەرێم، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نیشتمانییەکانیان کرایەوە لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.
باسلەوەشکراوە، لەدرێژەی دیدارەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی کۆی هاوکێشەکانەوە سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی خستەڕوو و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر پەیوەستە بە هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێز و لایەنەسیاسییەکان و گفتوگۆی بونیادنەرانەوە.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و بە ئامانجێکی هاوبەشەوە کار بۆ ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانیی وڵات بکەن. وتیشی، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایانەش پێویستە پارێزگاریی لە هاوبەشیی راستەقینە، تەبایی و پێکەوەژیان بکەین.
|