لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان: پانتاییەكی زۆر لە نێوان ئێمە و ئەنجومەنی باڵای سەندیكا هەیە

01/11/2023
فۆتۆ: 

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەنجومەنی باڵا لە پانتاییەكی زۆردا لێك دووركەوتوونەتەوە.

دەستەی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نیگەرانن لەو كێشە و هەڵایانەی لەسەندیكاكەیاندا هاتوونەتە ئاراوە, دەڵێت، "ئەم کێشەیە لەدوای کۆنگرەو سەرەتای دەستبەکاربونمان لەم خولەی سەندیکا ڕاستەوخۆ سەری هەڵداو ئێمە ئەندامانی لق درکمان پێکردو  هەتا دەهات زیاتر دەبوون، بەبێ چارەسەریش مانەوە، ئێمە چەندین جار دەستمان خستە سەر برینەکان و داوامان لە ئەنجومەنی باڵای سەندیکا کرد، لیژنەیەک بنێرن بۆ دانیشتن لەگەڵمان، تا راستیەکان بۆ هەموان رون ببێتەوە و کێشەکان چارەسەر بکەین،  بەڵام بەداخەوە ئەمە ئەنجام نەدراو کێشەکان زیاتر بوونە کەسی و بابەتی لابەلا، لقی سلێمانی و ئەنجومەنی باڵا لەپانتاییەکی زۆردا لێک دورکەوتنەوە، هەموو ئەمانەو بەو هەڵایانەی ئێستاشەوە کەدەکرێن، دورە لەئەتەکێتی کاری ڕێکخراوەیی و پێکەوەیی"

‎سەبارەت بەكێشەی دارایی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان راشیگەیاندووە، "بڕی ٥٧ ملیۆن دیناری پایتەختی رۆشنبیری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی دراوە بە سكرتێری لق بۆ چاپكردنی كتێب و هەندێك چالاكی، پاكتاوكردنیشی سكرتێری لق و هەروەها ئەو بڕە پارەیەی ئابوونە كە باسی لێوە دەكرێت گوایە نەگەڕاوەتەوە، لقەكەیان لێی بەرپرسیارە و بریتی بووە لەپارەی ئابوونە، ئەمەش مانگانە بەپاكتاویی گەڕاوەتەوە بۆ ژمێریاری ئەنجومەنی باڵا".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەگەرچی بابەتی گەڕانەوەی ئابوونە بابەتێكی پەیڕەویە، پێشتر تەواوی ئابوونە گەڕاوەتەوە ئەنجومەنی باڵا و مانگانەش پێشینەیەك دراوە بەلق بۆ خەرجییەكانی، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و نەمانی پێشینەی لقەكان نەتوانراوە پارە بگەڕێنینەوە، هەژمارێكی بانكی دروستكراو خرایە بانكەوە بۆ خەرجی لق، داواش لەئەندامانی باڵای ئەنجومەن دەكەن بۆ لەنزیكەوە بەئاگابوون و ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك سەردانی لقی سلێمانی بكەن".