١٣ ساڵ لەمەوبەر مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە

11/11/2023
فۆتۆ: 

سەرۆک مام جەلال لە ٦ی نیسانی ٢٠٠٥ دوای هەڵبژاردنی لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقەوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی پێدرا و لە ١١-١١-٢٠١٠ بەزۆرینەی دەنگ جارێکی دیکە بۆ سەرۆک کۆمار بۆ خولی دووەم هەڵبژێردرا.

ژیان:
بەوەش سەرۆک مام جەلال بووە یەکەم سیاسی کورد لەمێژووی عێراقدا کە پۆستی سەرۆکی وڵات لەئەستۆ بگرێت، وە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەمێژووی ئەو وڵاتەدا لەبیستەکانی سەدەی رابردوودا، وە یەکەم سەرۆک کۆماری عێراقە کەلەژێر دەستوری نوێی عێراقدا هەڵبژێردرابێت.

لەسەردەمی سەرۆک کۆماری مام جەلال-دا بەهۆی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالەوە ئاشتەوایی و برایەتی لەنێوان لایەنە سیاسیەکانی عیراقدا هەبوو، بەو هۆیەشەوە لەلایەن ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان نازناوی سەمامی ئەمانی پێبەخشرا.

لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلالەوە عیراق بەدۆخێکی سیاسی زۆر نالەباردا تێپەڕی و چەندین کێشەی سیاسی و مەزهەبی رووی لەعیراق کردووە، بەشاهیدی گەورە سیاسەتمەدارانی جیهان و عیراق و کورد تەنها کەس توانای راگرتنی هاوسەنگی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و توێژە جیاوازەکانی عیراق هەبووبێت تەنها سەرۆک مام جەلال بووە.

جەلال تاڵەبانی کوڕی حسامەدین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی رێکەوتنی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣ لەگوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە سەرەتای منداڵی هەر لەو گوندە دەبێت، پاشان باوکی دەبێتە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لەکۆیە لەماڵەوە دەچنە ئەوێ و خوێندنی سەرەتای لەو شارە تەواو دەکات، قۆناغی ئامادەی لەکەرکوک و هەولێر تەواو دەکات. 

مام جەلال لەتەمەنی لاوێتیدا تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت، لەمانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی سازدانی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی قوتابیان دەبێت و هەر لەو کۆنگرەیەدا بەسکرتێری گشتی ئەو رێکخراوە هەڵدەبژێردرێت و هەر لەهەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لەدامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی ١٩٥٣ بۆ ١٩٥٥ دەبێتە سکرتێری لاوانی دیموکرات، ساڵی ١٩٥٩ کۆلێژی یاسا لەبەغدا تەواو دەکات.

سەرۆک مام جەلال لە١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ لەبەغدا دۆخی تەندروستی ناجێگیربوو، لەدوای ئەو نەخۆشکەوتنەی مام جەلال عیراق و گەلەکەی رووبەڕوی کێشەی گەورە بوونەوە، جگە لەشەڕی تائیفی نێوان شیعەو سونە، تەنانەت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عیراق بەتەواوی تێکچوو، تاکو دواتر لە ٣-١٠-٢٠١٧ سەرۆک مام جەلال لەنەخۆشخانەیەکی شاری بەرلینی ئەڵمانیا دڵە گەورەکەی لەلێدان کەوت.