عێراق رێککەوتنێک سەبارەت بە دۆلار لەگەڵ ئەمەریکا واژۆدەکات
بانکی ناوەندیی عێراق و وەفدێکی باڵای ئەمریکا لەسەر چەند خاڵێکی تایبەت بە دۆلارو حەواڵە دەرەکییەکان رێککەوتن.
ژیان:
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، وەفدێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەشاری ئەبوزەبی ئیمارات لەگەڵ لێپرسراوی پرۆسەی هەناردە دەرەکییەکان بۆ پارەدارکردنی هاوردەکان کۆبووەتەوە و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون و یەکەمیان بریتییە لە رێککەوتن لەسەر پارەدارکردنی پێشوەختی هەژماری پێنج بانکی عێراقی بە دۆلار لە بانکە ئوردنییەکان و حەواڵەکانیان لە رێگەی بانکی جەی پی مۆرگانی ئەمریکییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتنی دووەم بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە حەواڵە رەتکراوەکانەوە هەیە، بەڵام مەرجێک رەتکردنەوەکان پشتبەستوو بێت بە بەڵگەی بەهێز.
ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی عێراق راشیگەیاندووە، هەر لە ئەبوزەبی چەند کۆبوونەوەیەکی تر کراون لە نێوان بانکێکی ئیماراتی و بانکی ناوەندیی عێراق و لایەنی ئەمریکی بە مەبەستی جێبەجێکردنی میکانیزمێک بۆ پارەدارکردنی بانکە عێراقییەکان بە درهەمی ئیماراتی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا و لەسەرەتای ساڵی نوێوە، بانکی ناوەندیی عیراق رێوشوێنەکانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکیی ئاشکرابکات و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هاوسەنگ بکات و دۆلار لە مامەڵە ناوخۆییەکاندا پەراوێزبخات.
|