مووچەی ٢٢ هەزار موچەخۆری خانەنشینی دەبڕدرێت
سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند، موچەی ٢٢ هەزار موچەخۆری خانەنشینی دەبڕدرێت کە بە ساختە مامەڵەکانیان بۆکراوە و موچەیان بۆ دابینکراوە.
ژیان:
ماهر حسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی عێراق رایگەیاند "یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی دەستەکە هەماهەنگییە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی مووچەخۆری نادیار".
ئاماژەی بەوەشکرد،" لە ماوەی رابردوودا لەرێی کارمەند و چەند دەسەڵاتدارێکەوە چەندان هاوڵاتی وەک مووچەخۆر لە لیستی خانەنشینان تۆمارکرابوون کە ژمارەیان ٢٢ هەزار هاوڵاتییە".
ئەوەشی خستەڕوو،" ئەو ٢٢ هەزار هاوڵاتییە لەئێستادا لە لیستی موچەخۆران دەرکراون و ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ٨٠٠ ملیار دینار بۆ خەزێنەی وڵات، ئەمەش هاوکارێکی باشدەبێت لە بەڕێوەچوونی زیادکردنی موچەی خانەنشینان کە بۆ هەر موچەخۆرێک ١٠٠هەزار دینار زیادکرابوو".
|