پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

11/11/2023
فۆتۆ: 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی لە بارەی بڕیاری رێگەدان بە هاوردەکردنی دراوی بیانی لە دەرەوەی عێراق گفتوگۆ بکرێت، چونکە لیژنەکە نیگەرانی هەیە لەوەی ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی چەند کەس و لایەنێک درابێت.

مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، کار بۆ بانگهێشتکردنی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکەن، ئەویش بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی بڕیاری هاوردەکردنی دراوی بیانی لە دەرەوەی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی بانگهێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی زانینی هۆکارەکانی دەرکردنی بریاری هاوردەکردنی دراوی بیانییە، هەروەها بۆ زانینی کاریگەری بڕیارەکە لەسەر دۆخی ئابوری ناوخۆیی عێراق.

ئەوەشی خستەڕوو، نیگەرانی هەیە لە بەکارهێنانی ئەو بڕیارە لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە بۆ سودگەیاندن بە خۆیان، بۆیە هەڵوێستی لیژنەی دارایی بەدواداچون و توێژینەوەی زیاترە لەسەر ئەو بڕیارە.

لە چەند رۆژی رابردوودا بانكی ناوەندیی عێراق نووسراوێكی دەركرد و رایگەیاند، دەتوانرێت دراوی بیانی لە دەرەوەی وڵاتەوە بە چەند مەرجێك بهێنرێتە عێراق، وەك هەنگاوێك بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار.