دادگای فیدراڵی سکاڵایەک دژی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم تاوتوێ دەکات

12/11/2023
فۆتۆ: 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی سێ سکاڵا کۆدەبێتەوە. یەکێکیان پەیوەندی بە ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینارەوە هەیە کە دوو مانگە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و بڕیارە ئەم مانگەش بنێردرێت.

ژیان:
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵاکە لەلایەن "مستەفا سەنەد" ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە. 

لە سکاڵاکەدا داوایکردووە دادگای فیدراڵی بڕیاری ژمارە ٢٣٥٠٠ ی ساڵی ٢٠٢٣ و  هەموارەکەی، هەروەها بڕیاری ژمارە ٢٣٥٢٠ ی ساڵی ٢٠٢٣ ی حکومەتی عێراق تایبەت بە پێدانی بڕی دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دیناربە قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان رابگرێت، کە مانگانە دەکاتە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار.  

هەروەها سکاڵای دووەم کە دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دەکات، سکاڵایەکی رائید فەھمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراقە کە لەسەرهەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریکردووە.