بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات

16/11/2023
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و خوێندنی پیشەیی تاوتوێ کران و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات.


ژیان
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە، ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی چین کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و بە تایبەتیش لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان، وە پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کرد لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی سەرۆک مام جەلال وەک دامەزرێنەری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کورد و گەلی چین هەیبوو هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە تایبەتی جەختی کردەوە لەسەر پێکەوەکارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی و پێشخستنی بواری تەکنەلۆجیا و ئای تی لە هەرێمی کوردستان. 

لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چینیش ئامادەیی دەربڕی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا. ئاماژەی بەوەشکرد لە داهاتوویەکی  نزیکدا سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی چینی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە و کاریش دەکەن کە پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی چین و کوردستاندا دروست بکەن. 

هەروەها کونسوڵی چین بە تایبەتی سەرسامی خۆی بە شاری سلێمانی دەربڕی کە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی لەڕووی رۆشنبیری و کلتورییەوە هەیە. راشیگەیاند کاردەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کلتوری و رۆشنبیری لەنێوان سلێمانی و یەکێک لە شارەکانی وڵاتی چین.

هەرلەم چوارچێوەیەدا و بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەهەموو بوارەکاندا، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات تا بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.